Accessibility links

وەزیری بەرگری ئێران چاوی بە ئەسەد و هاوتا سورییەکەی کەوت لە دیمەشق


سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و وەزیری بەرگری ئێران ئەمیر حاتەمی

دەزگای هەواڵی تەسنیم وتی وەزیری بەرگری ئێران ئەمیر حاتەمی ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە سوریا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و بەرپرسانی بەرگری و باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە.

دەزگای هەواڵی تەسنیم وتی حاتەمی بە ئەسەدی وتووە " خەڵک، نەک تەنها خەڵکی ناوچەکە بەڵکو هەموو جیهان سوپاسگوزاری ئەو شەڕانەن کە دژی تیرۆر لە سوریادا ئەنجامدراون."

حاتەمی هیوای خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئازادکردنی سەرتاسەری سوریا لە کاتێکی نزیکدا و گەڕانەوەی پەنابەرە سورییەکان بۆ وڵاتەکەیان.

تەسنیم وتیشی ئەسەد لە ماوەی کۆبوونەوەکاندا وتوویەتی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و ئێران بەهێزە و بەردەوام دەبێت.

هەروەها دەزگای تەڵەبە ئاماژەی بەوەدا حاتەمی چاوی بە وەزیری بەرگری سوریا عەلی عەبدوڵا ئەیوب کەتووە و لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشق وتوویەتی باسیان لە پێشهاتەکانی گروپە تەکفیرییەکان کردووە.

جێی ئاماژەیە بەرپرسانی ئێران زۆر جار گروپە ئیسلامییە سوننیە توندڕەوەکان بە "تەکفیری" ناودێر دەکەن.

حاتەمی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتی ئێران دەتوانێت یارمەتی سوریا بدات لە بە‌‌هێزکردنی جبەخانە سەربازییەکەیدا.

دەزگای هەواڵی تەڵەبە لە زاری حاتەمیەوە بڵاویکردەوە " کۆماری ئیسلامی ئێران توانایەکی زۆری هەیە لە بواری بەرگری سەربازییدا و دەتوانێت یارمەتی سوریا بدات لە بەهێزکردنی جبەخانە سەربازییەکەیدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG