Accessibility links

مەلایەکی باڵای ئێرانی لە بانکێکدا کوژرا


بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆی کامێرایەکی چاودێری شوێنەکە، چەکدارێک لە بانکێکدا لە باکووری ئێران تەقەی لە مەلایەکی باڵای شیعە دەکات و دەیکوژێت.

کوشتنی ئایەتوڵا عەباس عەلی سولەیمانی شایەتحاڵان و خەڵکەکەشی بە گشتی توشی سەرسوڕمان کرد. مەلاکە لە کۆمەڵەی گشتی پسپۆڕاندا خزمەتی کردووە کە ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەستنیشان دەکات و سەرپەرشتیشی دەکات. هەروەها دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ناو ئێران دێت کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا سەریهەڵدا

بەرپرسان تاوەکو ئێستا باسییان لە پاڵنەری هێرشەکە نەکردووە کە لە بابولساری هەرێمی مەزەنداران ڕوویدا، لە سەرەتادا کەناڵی ئێران باسی لەوە کرد پیاوێک بەسەر پاسەوانەکەدا زاڵ بووە و تەقەی لە مەلاکە کردووە.

بەڵام دواتر لە گرتە ڤیدیۆی کامێرای چاودێری شوێنەکەدا دەردەکەوێت تەقەکەرەکە لە ناو بانکەکەدا بە ئاشکرا چەکێکی پێیە و دەچێتە لای سولەیمانی و تەقەی لێدەکات.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت لە کوشتنەکە دەکات.

سولەیمانی کە باوەڕوایە تەمەنی 77 ساڵ بووبێت، لە کۆمەڵەی گشتی پسپۆڕاندا خزمەتی کردووە، کۆمەڵەکە لە 88 ئەندام پێکدێت و سەرپەرشتی پۆستی ڕابەری باڵای ئێران دەکەن. هەروەها پێشتر وەکو نوێنەری تایبەتی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بۆ هەرێمەکانی سیستان و بالوچستانی باشووری ئێران کاریکردووە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG