Accessibility links

ئێران بنکە سەربازییەکانی ئیسڕائیل لەسەر سنووری سوریا دەکاتە ئامانج


بەرزاییەکانی گۆلان
بەرزاییەکانی گۆلان

ئیسڕائیل ڕایگەیاند هێزەکانی ئێران هێرشێکی موشەکیان کردۆتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسڕائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان کە ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی ئیسڕائل یەکێک لە توندترین هێرشەکانی بۆ سەر سوریا ئەنجام بدات.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جارە هێزەکانی ئێران هێرش دەکەنە سەر ئیسڕائیل لە سوریا لە بەرزاییەکانی گۆلان کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیلدایە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوری ڕایانگەیاند دەیان موشەکی ئیسڕائیلی بەر ڕادار و شوێنە بەرگرییە ئاسمانیەکانی سوریا و کۆگاکانی تەقەمەنی کەوتوون کە ئەوەش تیشک دەخاتە سەر مەترسی زیادبوونی گرژییەکان لەسەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

ئیسڕائیل وتی ئێران 20 موشەکی هەڵداوە بەڵام سیستمی ئاسنی بەرگری موشەکی بەرپەرچی داونەتەوە یاخوود مەوداکەیان نەگەیشتۆتە گۆلان. وتیشی فەیلەقی قودس لایەنی بەرپرسیارە لە ئەرکەکانی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەوان موشەکەکانیان هەڵداوە.

کۆلۆنێل جۆناثان کۆنکریکۆس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " قاسم سلێمانی سەرکردەی فەیلەقی قودس فەرمانی بە ئەنجامدانی هێرشە موشەکییەکە کردووە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە."

وتیشی ئیسڕائیل وەکو وەڵامدانەوەیەک دەیان شوێنی سەربازیی ئێرانی لە سوریا وێران کردوو و یەکەکانی دژە فڕۆکەی سوری هەوڵیانداوە فڕۆکە ئیسڕائیلییەکان بخەنە خوارەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

وتیشی " هێشتا نازانین زیانی گیانی ئێرانییەکان چەندە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG