Accessibility links

پارێزەر نەسرین ستوودە گواسترایەوە بۆ زیندانێک لە دەرەوەی شاری تاران


هاوسەری ئەم پارێزەرەی ماڤی مرۆڤە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند نەسرین ستوودە لە بری وەرگرتنی چارەسەری لە نەخۆشخانە، گوازراوەتەوە بۆ زیندانێکی ژنان لە دەرەوەی تارانی پایتەخت.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئێران کردووە کە ستوودە کە براوەی خەڵاتی ساخارۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپایە و هەروەها زیندانیانی سیاسی دیکە ئازاد بکات.

ڕەزا خەندان، هاوسەری ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی (AFP) ی ڕاگەیاند و وتی"نەسرین دوێنێ (سێشەممە) پەیوەندی پێوە کردم تا پێم بڵێت ئەو ڕاستەوخۆ (لە زیندانی ئێوینی تارانەوە) گوازراوەتەوە بۆ زیندانی قەرچەک."

خەندان باسی لەوە کردووە کێشە تەندروستییەکانی ستوودەی تەمەن 57 ساڵ وایکردووە کە ئەو کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێت کە بۆ ماوەی زیاتر لە 45 ڕۆژ تێدا مانی لە خواردن وەرگرتبوو دژی هێشتنەوەی زیندانیانی سیاسی لە زینداندا لە میانەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

نەسرین ستوودە لە ساڵی 2019دا بە هۆی بەرگریکردن لەو ژنانەی کە ناڕەزاییان دەربڕیبوو دژی حیجابی زۆرەمڵی، بە 12 ساڵ زیندان سزا درا.

میشێل باچلە، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا لە 6ی ئۆکتۆبەردا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە خراپبوونی دۆخی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەران و زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە میانەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

باچلە هەروەها"داوای ئازادکردنی بێ مەرجی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، پارێزەران، زیندانیانی سیاسی، خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و هەموو تاکەکانی دیکەی کردبوو کە بە هۆی دەربڕینی بۆچوون و باوەڕەکانیانەوە لە ئازادی بێبەش کراون. ئەو گوتبووی کە راستکردنەوە و پێداچوونەوە بەم زوڵم و نادادپەروەریانە زۆر گرنگە بە تایبەت لە سەردەمێکدا کە کۆرۆنادا زیندانەکانی گرتوەتەوە."

باچلە وتی"زۆر نیگەرانم بەوەی کە ژیانی نەسرین ستوودە لە مەترسیدایە"

نوسینگەکەی خاتوون باچلە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە کە کە سیستمی ئازادکردنی کاتی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتوان لە زیندانەکاندا بە مەبەستی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران لە مانگی دوودا پێشکەشکرابوو کە نزیکەی 120 هەزار زیندانی سوودیان لێوەرگرت و ئازاد کران، هەرچەندە لەو کاتەوە ژمارەیەکیان ناچار کراون بگەڕێنەوە، بەڵام وتراوە کە زیندانییەکان کە سزای زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەریاندا سپێندراوە بە تۆمەتی "ئاسایشی نەتەوەیی" لەم بەرنامەیە بێ بەشکراون.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران تاکوو ئەمڕۆ واتە ڕۆژی چوارشەمە، لە کۆی 545 هەزار تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، زیاتر لە 31 هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە.

سەرچاوە/ فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG