Accessibility links

دۆکتور کامران مەتین: خۆپیشاندانه‌کانی ئێران گۆتاری ڕێفۆرمخوازی لە ئێران به تەواوی ولانا


پاش ئەوەی هەزاران خۆپیشاندەری دژ بە حکومەت بۆ سێهەمین ڕۆژی بەردەوام بوون لە ناڕەزایی دەربڕینەکانیان وەزیری ناوخۆی ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت " ئەو کەسانەی کە فەرمان جێبەجێ ناکەن و یاسا دەشکێنن دەبێت بەرپرسیاربن بەرامبەر کردارەکانیان و نرخەکەی بدەن." عەبدولڕەحمان ڕەحمانی فەزلی لە لێدوانێکیدا لەسەر تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند " بێگومان ڕێگری لە ترساندن و تیرۆر دەکرێت."

ئه‌مه‌ش له کاتێکدا که کاربەدەستان ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند دوو خۆپیشاندەر لە خۆپیشاندانە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون، ئەمەش یەکەم ڕاگەیاندنی فەرمی قوربانی ئەم خۆپیشاندانەیە لە کاتێکدا حکومەت ئەو ڕێگەی پەیوەندیانەی قەدەغە کردووە کە بە ڕێگایەوە چالاکوانان پەیامەکانیان دەنارد.

خۆپیشاندانەکەی کە ڕۆژی پێنجشەممە دژ بە خراپی باری ئابوری لە ئێران دەستیپێکرد، پێدەچێت گەورەترین خۆپیشاندانی دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت لە پاش ئەوەی ساڵی 2009 وە. چالاکوانان هەوڵەکانیان بە ڕێگای پەیامەکانی تێلگرام دەنارد بەڵام کاربەدەستان ڕۆژی یەکشەممە تێلگرام و ئینستگرامیشیان ڕاگرت.

ئایا ئه‌م خۆپیشاندانه به‌ربڵاوه به مانای ده‌ستپێکی شۆڕشێکی نوێ له ئێرانه و ئاکامی ڕووخانی کۆماری ئێسلامی ده‌بێت یان نا؟

بۆچی ئه‌م خۆپیشاندانه ئێستا جگه له کرماشان و ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه له سنه، له کوردستان به شێوازێکی به‌ربڵاو نه‌بینراوه و ئه‌گه‌ر کوردستان و ئازه‌ربایجان په‌یوه‌ستی ئه‌م خۆپیشاندانه بن ئایا ڕه‌وشه‌که به ته‌واوی له کۆنترۆڵی کۆماری ئێسلامی وه‌ده‌ر ناچێت؟

بۆ باس سه‌باره‌ت به‌م پرسیارانه میوانداری دۆکتور کامران مەتین، مامۆستای پێوه‌ندیه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان له زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا کردوه.

XS
SM
MD
LG