Accessibility links

ڕوانگه‌: ده‌وڵه‌تی داهاتووی ڕوحانی و ئه‌گه‌ری به‌شداری ژنان و که‌سایه‌تیه‌ ئه‌تنیکیه‌کان له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا

  • شاهێد عەلەوی

حه‌سه‌ن ڕوحانی، سه‌رۆک کۆماری ئێران ده‌ڵێت ده‌و‌ڵه‌تی داهاتووی ئێران ده‌بێت له سه‌روی باڵه سیاسیه‌کانه‌وه پێک بێت. ڕوحانی ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی له کابینه‌تی داهاتوودا به‌رپرسیاریه‌تیان پێ ده‌سپێردرێت ده‌بێت ڕا و داخوازی زۆرینه‌ی خه‌ڵک که له هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری ده‌نگیاندا له به‌رچاو بگرن و ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌م چوارچێوه‌دا نه‌گۆنجێت ئه‌وه شیاوی وه‌رگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی ئاوا گرنگ نیه.

ڕوحانی له هه‌مان کاتدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که ئه‌وانه‌ش ده‌نگیان به که‌سی تر داوه مافیان پارێزراوه و ده‌توانن چالاک بن به‌ڵام له به‌رپرسیاریه‌تی باڵادا ئێستا کاتی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواستی ئه‌م 24 ملیۆن که‌سه‌یه و ئه‌گه‌ر جگه له‌م کاره‌ بکه‌ین ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه که بۆچی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ده‌به‌ین؟

ڕوحانی هه‌وره‌ها ده‌ڵێت هه‌ڵبژاردن نێوان دوو جۆره بیرکردنه‌وه بوو. خه‌ڵک ده‌نگیاندا و یه‌کیان بوو به زۆرینه و ئه‌وی تر بوو به که‌مینه و ئێستاش ناچارین ڕێز له ده‌نگی خه‌ڵک بگرین و به‌ پێی شێوازی ڕه‌وتی دێمۆکراتیک و یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران ده‌وڵه‌تێک پێک بێنین که ماف و ده‌نگی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران نوێنه‌رایه‌تی بکات.

به پێی ئه‌و‌ به‌ڵێنانه که حه‌سه‌ن ڕوحانی له کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا ده‌یدا، ئایا چاوه‌ڕوانی ده‌کرێت ژنان، که‌مایه‌تیه ڕه‌گه‌زیه‌کان، ئایینیه‌کان و له‌وانه کورده‌کان له ده‌وڵه‌تی دووهه‌می حه‌سه‌ن ڕوحانی که تا نزیک به سێ حه‌وه‌ته‌ی تر ڕاده‌گه‌یێندرێت به‌رپرسیاریه‌تی باڵایان پێ بسپێردرێت؟

ژنان، گه‌لانی غه‌یره فارس، که‌مایه‌تیه ئایینیه‌کان و به گشتی ئه‌و به‌شه له کۆمه‌ڵگای ئێرانی که خۆیان به ماف خوراو و له په‌راوێز ده‌بینن چۆن ده‌توانن حه‌سه‌ن ڕوحانی ناچار بکه‌ن ڕێز له داخوازیه‌کانیان بگرێت و پابه‌ندی به‌ڵێنه‌کانی بێت؟

ڕوحانی چه‌ند پابه‌ندی به‌ڵێنه‌‌کانی تری ده‌بێت؟ باڵی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی ئایا ڕێگه ده‌ده‌ن حه‌سه‌ن ڕوحانی به پێی خواستی خۆی ده‌وڵه‌تی نوێ پێک بێنێت؟

له به‌رنامه‌ی ڕوانگه‌ی ئه‌م حه‌وته‌دا، ئه‌م باسه له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان بێهزاد خۆشحالی، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان دانیشتووی ئاڵمان و ئازاد شه‌ریفی، لێکۆڵه‌ری سیاسی دانیشتووی نۆروێژ تاوتۆ ده‌که‌ین.

XS
SM
MD
LG