حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران له سه‌رده‌می هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن دا به‌ڵێنی زۆری سه‌باره‌ت به مافه‌کانی سیاسی و ئابووری خه‌ڵک داوه و ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه که له خۆلی دووهه‌می سه‌رۆکایه‌تی خۆیدا ئاماده‌یه ئه‌م به‌ڵێنییانه بباته سه‌ر و به کرده‌وه هه‌نگاوێک بۆ ده‌سته‌به‌رکردنیان هه‌ڵبگرێت؟
جگه له باوه‌ڕێ ڕوحانی بۆ ئه‌و بانگه‌شانه‌ی سه‌رده‌می هه‌ڵمه‌ته‌کان چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندی حه‌سه‌ن ڕوحانی و به گشتی کۆماری ئیسلامی له جێبه‌جێکردنی ئه‌و بانگه‌شانه‌دایه. ئایا ئه‌گه‌ر حه‌سه‌ن ڕوحانی بیهه‌وێت هه‌وڵبدات به‌ڵێنییه‌کانی جێ به جێ بکات لایه‌نی پاوانخواز له کۆماری ئیسلامی ڕێگای لێده‌گرێت.
ئه‌وانه‌ی که ده‌نگیان به حه‌سه‌ن ڕوحانی داوه و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که ده‌نگیان پێنه‌داوه چه‌ند ده‌توانن بۆ گوشارنان له سه‌ر سه‌رۆک کۆمار بۆ هاندانی له بواری به‌ڵێنییه‌کانی چالاک بن.
چالاکانی سیاسی لایه‌نگری حه‌سه‌ن ڕوحانی که ده‌گوترێت چالاکیان له دوو حه‌وتووی کۆتایی هه‌ڵمه‌ته‌کان بوو به هۆی سه‌رکه‌وتنی روحانی چه‌ند ئیراده‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئێستاش بۆ به دواداچوونی داواکاره‌کانیان له توره‌کانی کۆمه‌لایه‌تی و میدیاکان که‌ڵک وه‌ربگرن.
له به‌رنامه‌ی ڕوانگه‌ی ئه‌م حه‌وتووه ئه‌م پرسیارانه‌مان له گه‌ڵ به‌ڕێزان خاتوو نیشتمان حوسینی، چاودێری سیاسی له نۆڕوێژ، ڕه‌زا شامورادی لێکۆله‌ری سیاسی له ئوستڕالیا، تاهیر عه‌لیپوور، لێكۆله‌ری سیاسی له به‌ریتانیا تا و تۆ کردووه.