Accessibility links

گرووپێکی عه‌ره‌ب له ئێران ده‌ڵێت به‌رپرسیاری ته‌قینه‌وه‌ی دوو بۆڕی نه‌وتی له‌و وڵاته‌یه


به پێی ڕاپۆرتی ئه‌ی‌پی گرووپێکی جۆدایی خوازی عه‌ره‌ب له ئێران ده‌ڵێت که ئه‌م حه‌وته دوو بۆڕی نه‌وتی ئێرانی له پارێزگای خووزستان له هێرشێکی پلان داڕێژڕاودا ته‌قاندوه‌ته‌وه. وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران ئه‌م بانگه‌شه‌یه ره‌ت ده‌کاته‌وه.

ئه‌م گرووپه که ناوی «بزووتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی ڕزگاری خوازی ئه‌لئه‌حوازه» له تۆڕی خۆی به‌یان‌نامه‌یه‌کی بڵاو کردوه‌ته‌وه و تێیدا هاتوه که باڵی سه‌ربازی ئه‌م گرووپه له ڕۆژی سێهه‌می ئه‌م مانگه زیانێکی زۆری له نزیکی شاری ئۆمیدیه و به‌نده‌ری ده‌یله‌م به کۆماری ئێسلامی گه‌یاندوه. له هه‌مان کاتدا سه‌لمان سامانی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران ده‌ڵێت ئه‌م بانگه‌شه‌یه درۆیه و هیچ ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له‌و بۆڕیه نه‌وتانه ڕووی نه‌داوه.

له تۆڕی ئه‌م گرووپه‌دا ویدیویه‌ک بڵاو بوه‌ته‌وه که وتراوه ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ک له بۆڕیه‌کان نیشان ده‌دات. ئه‌م ویدیویه له تاریکی شه‌ودا گیراوه و ناکرێت پشت ڕاست کرێته‌وه. له به‌یان‌نامه‌ی ئه‌م گرووپه‌دا هه‌روه‌ها وتراوه که ئه‌م هێرشه کاردانه‌وه‌یێکه به‌رانبه‌ر به‌وه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران نێوی ۲۹ کۆمپانیای نێونه‌ته‌وه‌ی کارامه‌ی بۆ به‌شداری کردن له پڕۆژه نه‌وتیه‌کانی ئێراندا بڵاو کردوه‌ته‌وه.

گرووپه جۆداخوازه‌کانی عه‌ره‌ب له ئێران پێشتریش هێرشگه‌لێکیان كردبوه سه‌ر بنکه نه‌وتیه‌کان. ئه‌م گرووپه ده‌ڵێت هێرشی یه‌که‌م کراوه‌ته سه‌ر بۆڕی مارۆن که مۆڵکی کۆمپانیای به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت و غازی ئاغاجه‌ریه و هێرشی دوهه‌م کراوه‌ته سه‌ر بۆڕی نه‌وتی دوورگه‌ی خارک له که‌نداو. ئه‌م گرووپه ده‌ڵێت له ساڵی ۲۰۱۷ هێرشه‌کانی خۆی زیاتر ده‌کات.

XS
SM
MD
LG