حه‌سه‌ن ڕووحانی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له ڕێ و ڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی 22 هه‌مین پێشانگه‌ی ڕۆژنامه‌کان له ئێران‌دا ده‌ڵێت، ناکرێت به به‌ستنی ده‌می ڕه‌خنه‌گران و شکاندنی قه‌ڵه‌می ڕۆژنامه‌وانان کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئه‌و ده‌ڵیت ته‌نیا به مووشه‌ک و تانک ناتوانین ئاسایشی نیشتمانی خۆمان بپارێزین و پێویسته رێگه بده‌ین ده‌نگه جۆراوجۆره‌کان له کۆمه‌ڵگادا ببیسرێت.
ڕووحانی پێشتریش گوتبووی ئێمه له ئێران که‌سمان نیه که به تاوانی ڕۆژنامه‌وانی ده‌ستبه‌سه‌ر کرابێت. ئه‌مه له حاڵێکدایه که هه‌م له ساڵانی پێشوودا هه‌ندێک ڕۆژنامه‌وان به هۆی وتار یان ڕاپۆرتێک که له ڕۆژنامه‌کان بڵاویان کردبۆوه ده‌ستبه‌سه‌ر کران و له به‌ندیخانه‌دا ماونه‌ته‌وه و هه‌م ئێستا یاشار سوڵتانی ته‌نیا به هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی گه‌نده‌ڵی له شاره‌داری تارا ندا به‌ند کراوه.
ئه‌م قسه نوێیانه‌ی ڕووحانی بانگه‌شه‌یه‌که بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری ساڵی داهاتوو یان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی باوه‌ڕی ڕووحانی به ئازادی ڕا ده‌ربڕینه؟ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ئاگای له ئه‌و قسانه ده‌بێت چه‌ند باوه‌ڕ به ڕووحانی ده‌که‌ن و ڕێبه‌ری کۆماری ئیسلامی و لایه‌نی به‌رامبه‌ری ڕووحانی چ هه‌ڵوێستێک به‌رامبه‌ر به ئه‌و قسانه ده‌گرن؟
له وتووێژ له گه‌ڵ به‌ڕێز ئازاد شه‌ریفی، لێکۆڵه‌ری سیاسی له نۆڕوێژ ئه‌م پرسیارانه‌مان تاوتۆ کردووه.