له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی له سه‌ر شه‌قامه‌کانی مه‌ریوان له لایه‌ن ژماره‌یه‌کی زۆر له دانیشتووانی ئه‌م شاره‌وه ئه‌نجام درا. به‌شدارانی ئه‌م ڕێپێوانه ناڕه‌زایه‌تییه‌که له به‌رپرسانی پارێزگای کوردستان داوایان کرد چیتر ڕێگه نه‌ده‌ن ئه‌و تانکره نه‌ته‌وتییانه‌ی له باشووری کوردستانه‌وه دێن به جاده‌ی مه‌ریوان – سنه‌دا تێپه‌ڕ بن.
هۆی ئه‌م داواکارییه‌ش چه‌ند ڕووداوی هاتووچۆ و کوژرانی ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی ئه‌م شاره له جاده‌ی مه‌ریوان – سنه دا له چه‌ند مانگی ڕابردوو بووه و لایه‌نێکی ئه‌م رووداوانه‌ش ئه‌و تانکره نه‌ته‌وییانه بوون.
مه‌ریوان له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به هۆگه‌لی جۆراوجۆره‌وه شاهیدی کۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک و درووست بوونی چه‌ند که‌مپه‌ین و هه‌ڵمه‌تی هاوشێوه بووه.
به‌ڕیوه چوونی ئه‌م کۆبوونه‌وانه‌ش سه‌ڕه‌ڕای توندتربوونی گوشاره‌کان له کۆماری ئیسلامی دا له ساڵه دوایانه‌دا بۆه‌ته هۆی ئه‌و پرسیاره که مه‌ریوان چ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌یه که ده‌بێته هۆی ئه‌وه خه‌ڵکی ئه‌م شاره ئاوا به سه‌رکه‌وتوویی خۆیان ڕێکبخه‌ن؟
چۆنه که چالاکانی شاری مه‌ریوان و ڕیکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان له هه‌ل و مه‌رجێکی ئاوا ئه‌منیله ئێران‌دا به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو شاره‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌توانن ئاوا چاڵاک بن؟
بۆ تاوتو کردنی ئه‌م پرسیارانه میوانداری به‌ڕێز مۆختار هوشمه‌ند، لێکۆڵه‌ری سیاسی دانیشتووی ئاڵمان مان کردووه.