جەواد زەریف، وەزیری دەرەوی ئێران، ڕایدەگێنێت لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان گەیشتوینەتە کۆتایی ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە و ئەمڕۆ دوای ڕاگەیاندنی بەیاننامەی پابەندبوونی ئێران بە بەڵێنەکانەوە، لە لایەن سەرۆکی ڕێکخراوەی جیهانی بۆ وزەی ئەتۆمی، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بە یەکجاری هەڵدەوەشێتەوە و کۆتاییان پێدێت.
لە ئێران و ئەمریکا هەندێک لە لایەنەکان بە هۆگەلی جیاواز و جۆراجۆرەوە، دژی ئەم ڕێکەوتنە ئەتۆمییەن و هەوڵی زۆریان داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی. هەردوو وڵاتەکە لە ئێستادا خەریکی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردن و دروشمی هەندێ لە خۆپاڵیوەرەکان لە ئەمەریکا، هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکەوتنەیە و داوا دەکەن گەمارۆ بخرێتەوە سەر ئێران.
لە ئێرانیش ئۆسولگەراکان دژی ڕێکەوتنی ئەتۆمین و بەڵێنیان داوە هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ زیندوکردنەوە و بەردەوام بوون لە سەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ ئابورییەکانی سەر ئێران، بڕێکی زۆر پارەی ئێران کە لە بانکە جیهانییەکاندا دەستیان بە سەردا گیرابوو، دەدرێتەوە بە ئێران و ئەوەیش ئەو مەترسییە دروست دەکات کە ئەمە یان ببێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسانی ئابووری یان هۆکار بێت بۆ زیادبوونی دەستتێوەردانی ئێران لە ناوچەکەدا.
دەرەنجامی هەردوو ئەگەرەکە بەردەوامی قەیرانی ئابوورییە لە ئێران و درێژبوونەوەی دژواریی ژیانی خەڵکە لەم وڵاتەدا.
بۆ تاوتۆ کردنی زۆرتری ئەم بابەتە لەگەڵ بەڕێز کاک ئازاد شەریفی لێکوڵەری سیاسی دانیشتوی نۆروێژ وتووێژمان کردوە.