Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ڤەنزوێلا دەکات


وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا خۆرخی ئاریازا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف بە سەردانێک گەیشتۆتە ڤەنزوێلا کە بە هەمان شێوەی ئێران لەژێر سزاکانی ئەمەریکادایە.

ئەم سەردانەی جەواد زەریف لەکاتێکدایە جیهان چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکات کە هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە.

خۆرخی ئاریازا وتی " پێشوازیمان لە برامان وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف کرد " هەروەها لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەردەکەوێت پێشوازی لە هاوتا ئێرانیەکەی دەکات.

ئاریازا باسی لەوەش کرد " لەمیانەی سەردانەکەی زەریفدا تاوتوێی بەرنامەیەکی کاری چڕوپڕ دەکرێت." بەڵام هیچ وردەکارییەکی ئاشکرا نەکرد.

ئێران بە هەمان شێوەی کوبا و ڕوسیا و تورکیا و چین هاوپەیمانی سەرەکی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆیە.

هەریەک لە تاران و کاراکاس لەژێر سزاکانی ئەمەریکادان، لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و هەموو سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا و دواتر توندتری کردنەوە.

بە هەمان شێوە ئەمەریکا لەڕێی سەپاندنی سزا و قەدەغەکردنی نەوتی ڤەنزوێلاوە فشارەکانی سەر نیکۆلاس مادورۆی زیاتر کرد کە بە سەرۆکی ئەو وڵاتەی نازانێت، واشنتن و نزیکەی شەست وڵاتی دیکە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆیان وەکو سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا ناساندووە.

ڤەنزوێلا گەورەترین یەدەگی نەوتی هەیە لە جیهاندا، بەڵام بەرهەمهێنانەکەی داڕما و لە ئێستادا قەیرانی کەمی سوتەمەنی ڕووی کردۆتە وڵاتەکە و سزاکانی ئەمەریکا ناچارییان کرد پەنا بۆ هاوپەیمانەکانی وەکو ئێران بەرێت.

لەم مانگانەی دواییدا ئێران کۆمەڵێک باری سوتەمەنی ڕەوانەی ڤەنزوێلا کرد تاوەکو یارمەتی بدات لە کەمکردنەوەی قەیرانی سوتەمەنی لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG