بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 52 حاڵەتی ژن کوشتن لە شارەکانی ئێراندا تۆمار کراون، زۆربەی حاڵەتەکان لە تاران تۆمار کراون، بە جۆرێک لە سەدا 29 ی حاڵەتەکان لەو شارەدا بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، لە کۆی ئامارەکە 20 حاڵەتی کوشتنییان بە هۆکاری شەرەف و نامووس ئەنجام دراون. هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە لە کۆی ئەو 52 ژنەی کە کوژراون، 11 کەسییان کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ بوون، هەندێکییان تەمەنییان لە 10 – 13 ساڵ بووە.
وەکو چۆن لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لانیکەم 20 حاڵەتی کوشتنەکان بە هۆکاری نامووس و شەرەف بوون، لە کۆی گشتی ئەو حاڵاتانەی کە زاندراون، 5 حاڵەتییان بە هۆکاری نامووس بوون لە پارێزگای ئورمییە و 4 حاڵەت لە پارێزگای تاران و 3 حاڵەت لە پارێزگای ئەلبۆرز.
دوای تاران، زۆرترین حاڵەتی ژن کوشتن لە پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە کە تێیدا 7 ژن کوژراون، دوای ئەویش پارێزگای ئورمیە دێت کە 5 ژنی تێدا کوژراوە. لە پارێزگای ئیلام و فارس 3 حاڵەت و لە هەریەکە لە بوشەهر و سنە و کرماشان و گیلان و مازندەران 2 حاڵەتی کوشتنییان تێدا تۆمار کراوە.
ئەم حاڵەتانەی ژن کوشتن کە زاندراون، زۆربەیان لەلایەن هاوسەرەکانییانەوە ئەنجام دراون، لانیکەم 28 حاڵەت لە کۆی 52 حاڵەت لەلایەن هاوسەرەکانییانەوە ئەنجام دراوە. 4 حاڵەت لەلایەن دەستگیرانەکانییانەوە ئەنجام دراوە و 3 حاڵەتی ترییان لەلایەن هاوسەرەکانی پێشوویانەوە ئەنجام دراون. 8 حاڵەتیشیان لەلایەن باوک و 6 حاڵەتی دیکەیان لەلایەن براکانییانەوە ئەنجام دراون. لە هەندێک حاڵەتیشدا کوشتنەکان لەلایەن مام و ئامۆزاکانییانەوە ئەنجام دراون.
یاساناس و ڕاوێژکاری یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەراز فیرووزی دەڵێت " "کۆماری ئیسلامی لەو شوێنانەی کە پەیوەندی بە چوارچێوەی تایبەت و ئازادییە بنەڕەتییەکانی تاکەکان و بەتایبەت ئازادییە تاکەکەسییەکانی ژنانەوە هەیە دەستێوەردان و پێشێلیان دەکات و ئازادییەکانی ژیانی ژنانیشی قەتیس کردووە، بەڵام لەو شوێنانەی کە تاکەکان و بەتایبەتی ژنان و منداڵان، پێویستیان بە پاڵپشتیی حکومەت بۆ پاراستنیان هەیە، بایەخیان پێ نادات و دەیسپێرێت بە خودی کەسەکان. بەم هۆیەشەوە دەسەڵاتێکی پاوانکراو لەژێر ناوی شەرەف و نامووس هاتووەتە ئاراوە و بڕیاردەری ئەم دەسەڵاتەش باوک، مێرد یان برای ژنانە، هەر ئەمەش وا دەکات کە تاوانگەلێکی دڕندانەی لەو شێوەی بە دژی ژنان ڕوو بدات."
ئاماژەشی بەوەدا کە ئاماری ڕاستەقینەی توندوتیژییەکان و ژن کوشتن لە سەرانسەری ئێران بەهۆی نەبوونی ئامارێک ڕاست و دروست و شاردنەوەی کوشتنەکان لەلایەن بنەماڵەکانەوە لەبەردەستدا نیە و زۆر حاڵەت بە ناڕوونی ماونەتەوە.
سەرچاوە/ ماڵپەڕی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ