به پێی ئه‌و ئامارانه‌ی به‌رپرسانی فه‌رمی له ئێران هه‌ر ساڵ ڕایده‌گه‌یه‌نن ساڵانه نزیک به 30 هه‌زار کچی ژێر ته‌مه‌ن 18 ساڵ له‌و وڵاته به شوو ده‌درێن. به پێی یاساکانی ئێران، لانی که‌می ته‌مه‌ن بۆ شوو کردنی کچان 13 ساڵ و بۆ کوڕان 15 ساڵه، به‌ڵام هه‌مان یاسا ڕێگه ده‌دات سه‌رپه‌رشتی منداڵ به ئێزنی دادوه‌ر کچ یان کوڕی خۆی له هه‌ر ته‌مه‌نێک دا به هاوسه‌ری که‌سێکی تر ده‌ربێنێت.
به پێی یاساکانی نێونه‌ته‌وه‌یی و هه‌ندێک له ئه‌و په‌یماننامانه که ئێرانیش په‌یوه‌ستی بووه هاوسه‌رگیری منداڵان و هاوسه‌رگیری به زۆر شێوه‌یه‌ک له کۆیله‌تییه و نابێت له هیچ حاڵه‌تێک ڕێگا به ئه‌نجامدانی بدرێت، به‌ڵام له ئێران‌دا بۆ وێنه له ساڵی 1390ی هه‌تاویدا زیاتر له 29 هه‌زار کچی ته‌مه‌ن 10 تا 14 ساڵه و 1537 کچی ته‌مه‌ن ژێر 10 ساڵه به شوودراون.
به‌یان مۆحه‌ممه‌دی: "ئاوێته‌ی هاوکاتی کۆلتوری پیاوساڵاری و ئایین و هه‌ره‌ها ترس له‌و شته‌ی پێی ده‌ڵێن ئابڕوو چوون هۆکاری سه‌ره‌کی به‌شودانی کچان له منداڵیدایه."
ئاوا هۆما: "کاتێک کۆمه‌ڵگا ئاماده‌ی ئه‌وه نیه ژن وه‌ک مرۆڤێک که مافی هه‌ڵبژاردنی چاره‌نوس و داهاتوی خۆی هه‌یه قه‌بوڵ بکات، یه‌که‌م هه‌نگاو ئاگا کردنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌کان له‌و خه‌ته‌ره گه‌ورانه‌یه که هاوسه‌رگیری منداڵان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنت."
چالاکانی مافه‌کانی ژنان ده‌ڵێن ئه‌م یاسایانه که ڕێگا به هاوسه‌رگیری منداڵان ده‌دات دژی مافی ئه‌و منداڵانه‌یه و ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی زیادتربوونی ڕاده‌ی توند و تیژی ناوماڵی، ده‌ستدرێژی سکسی و ئازاری جه‌سته‌یی کچان و هه‌روه‌ها ئازاری ده‌روونی هه‌تاهه‌تایی ئه‌و منداڵانه‌یه که به زۆر چوونه‌ته ژیانی هاوبه‌شه‌وه. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، سه‌رکه‌وتنی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری کچان به هۆی شوو کردن و دواتریش سه‌رکه‌وتنی ڕێژه‌ی مردنی دایکانی منداڵ له ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌م شێوه هاوسه‌رگیرییه.
له به‌رنامه‌ی ڕوانگه ئه‌مڕۆدا، بۆ تاوتۆکردنی پرسی هاوسه‌رگیری منداڵان میوانداری به‌ڕێزان خاتوو ئاوا هوما، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان له کالیفۆڕنیا و خاتوو به‌یان محه‌مه‌دی، چالاکی مافه‌کانی ژنان له تاران ده‌که‌ین.