Accessibility links

بەرپرسێکی ئێرانی دەڵێت کەشتیە بەڕیتانیەکە بەمزووانە ئازاد دەکرێت


ستینا ئیمپیرۆ
ستینا ئیمپیرۆ

دەزگای هەواڵی فارسی ئێرانی لە زاری بەرپرسێکی دەریایی ئێرانەوە بڵاویکردەوە کەشتیە بەڕیتانیاکە ( ستینا ئیمپیرۆ ) کە لە 19 ی مانگی حەوتدا لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا بەمزووانە ئازاد دەکرێت.

سوپای پاسدارانی ئێران لە تەنگەی هورموز دەستی گرت بەسەر کەشتیەکی بارهەڵگری بەڕیتانیدا دوای ئەوەی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسا دەریاییەکان تۆمەتباری کرد، ئەم ڕووداوەش دوو هەفتە دوای دەست بەسەراگرتنی کەشتیەکی ئێرانی بوو لەلایەن هێزی دەریایی بەڕیتانیاوە لە جەبەل تاڕیق، لە مانگی هەشتدا بەرپرسانی جەبەل تاڕیق کەشتیە ئێرانییەکەیان ئازاد کرد.

بەڕێوبەری گشتی بەندەرەکان و هاتوچۆی دەریایی لە هەرێمی هورموزجان موڕاد عەفیفی وتی " دوای ئەوەی فەرمان دەرکرا بە کۆتای هێنان بە دەست بەسەراگرتنی کەشتیە بەڕیتانیاکە ستینا ئیمپیرۆ، دوای 65 ڕۆژ ئەم کەشتیە بەندەرەکە جێدەهێڵێت."

عەفیفی وتی پڕۆسەی چوونە دەرەوەی کەشتیەکە لە بەندەری هەرێمە ئێرانییەکە دەستی پێکردووە بەڵام دۆسییە یاساییەکەی دژ بە کەشتیەکە هێشتا کراوەیە و بەمزووانە ئەنجامەکانی دۆسییەکە ڕادەگەیەنرێن.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی جێبەجێکاری ئەو کۆمپانیا سویدییەی کە خاوەنی کەشتیەکەیە وتی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کەشتیەکە ئازاد دەکرێت.

سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ستینا بەڵک ئیریک هانێڵ بە کەناڵی سویدی وت " زانیاریمان دەستکەوتووە کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کەشتیەکە (ستینا ئیمپیرۆ) ئازاد دەکەن. بۆیە دەزانین بڕیارێکی سیاسیی دراوە بۆ ئازادکردنی."

وتیشی " هیوادارین کەشتیەکە بتوانێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەوێ بەجێ بهێڵێت، بەڵام نامانەوێت پێش ڕووداوەکان بکەوین. دەمانەوێت ببینین کەشتیەکە بەندەرە ئێرانییەکە بەجێ دەهێڵێت." وتیشی زانیارییەکان لە بەرپرسانی ئێرانییەوە هاتوون.

وتەبێژێ ستینا بەڵک ویڵ مارکس ئەوەی پشت ڕاست نەکردەوە کە کۆمپانیاکە زانیاری دەستکەوتووە سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنی کەشتیەکە.

مارکس بە ڕۆیتەرزی وت " هێشتا کەشتیەکە دەستی بەسەردا گیراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن. ناتوانین هیچ شتێکی دیکە پشت ڕاست بکەینەوە تاوەکو ئەو کاتەی بە فەڕمی دڵنیامان دەکەنەوە و کەشتیەکە ئاوی ئێران بەجێ دە‌هێڵێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG