دەزگای هەواڵی فارس لە زاری جەنەڕاڵێکی باڵای ئێرانەوە بڵاویکردەوە ئێران دەیەوێت مەودای موشەکەکانی زیاد بکات لە هەنگاوێکدا کە دەبێتە هۆی توڕەبوونی ئەمەریکا کە بەرنامە موشەکی و ناوەکییەکەی ئێران بە هەڕەشەیەک دەزانێت لەسەر ئاسایشی ناوچەکە.
جێی ئاماژەیە لە مانگی پێنجدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتننامەی ناوەکیی ئێران کشایەوە کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێراندا واژۆ کرابوو، بەپێی ڕێکەوتنەکە دەبێت ئێران بەرنامە ناوەکییەکەی سنووردار بکات و لەبەرامبەردا سزاکانی سەر ئێران لادەبرێن. بەڵام سەرۆک ترامپ بە ڕێکەوتنەکە ڕازی نەبوو و چەند جارێک ڕایگەیاند کە هەڵەی زۆر تێدایە، یەکێک لەو هەڵانەی سەرۆک ترامپ تیایدا بینیبوو ئەوە بوو کە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە تەنها کۆتوبەندی سەپاندووە بەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی ئێراندا و هیچ کوتوبەندێکی نەسەپاندووە بەسەر بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەیدا. بەو هۆیەوە سەرۆک ترامپ بڕیاریدا هەموو سزاکانی ئەمەریکا بسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا.
دەزگای هەواڵی فارس لە زاری جەنەڕاڵ عەزیز نەسیرەوە بڵاویکردەوە " یەکێک لە گرنگترین بەرنامەکانمان زیادکردنی مەودای موشەک و تەقەمەنییەکانمانە."
وتیشی " هیچ سنوورێک بۆ خۆمان نابینین لەم بوارەدا."
سوپای ئێران ئاماژەی بەوەداوە مەودای موشەکەکانی ئێستایان دوو هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت، وتیشی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و ئیماڕات و قەتەڕ و کەشتی فڕۆکە هەڵگرە ئەمەریکییەکان لە کەنداودا هەموویان دەکەونە ناو ئەو مەودایەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف ڕۆژی سێشەممە لە تویتێکدا بەرگری لە بەرنامە موشەکییەکەی ئێران کرد و وتی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بڕیاری لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە داوە هیچ کوتوبەندێکی لەسەر تاران دانەناوە سەبارەت بە ئەنجامدانی چالاکییە موشەکییەکانی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز