Accessibility links

ئێران: ئامانج لە سزاکانی ئەمەریکا بەربەست خستنە بەردەم هەوڵەکانە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی

ئێران ڕایگەیاند سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران هەوڵێکە بۆ بەربەست خستنە بەردەم هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دوای ئەوەی ئەمەریکا کشایەوە لێی.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر بانکی ناوەندی ئێران و سێ کەسی دیکە و بانکێکی دیکەدا کە بنکەکەی لە عێراقە، ئەمەش هەفتەیەک دوای کشانەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنەکە.

ئێران وتی سزاکان یاسایی نین و هۆشیاریشیدا لەوەی کە ئەگەر دانوستانەکان بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنەکە شکستیان هێنا ئەوا زۆر زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەرە بە بەرنامە ناوەکییەکەی دەدات.

دەزگای هەواڵی فارس لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمییەوە بڵاویکردەوە " بە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنە خراپانە حکومەتی ئەمەریکا هەوڵدەدات کاریگەری بخاتە سەر ئیرادە و بڕیاری ئەو وڵاتانەی دیکە کە هێشتا لە ڕێکەوتنەکەدا ماون."

وەزیرانی دەرەوەی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئێران ڕۆژی سێشەممە لە بڕۆکسل کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بەڵام وادیاربوون کە لەژێر فشارێکی زۆردان بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە چۆن ئەو کۆمپانیایانەی کە لەگەڵ ئێراندا کار دەکەن بەردەوام بن لە کارکردنیان لە کاتێکدا واشنتن سزاکان دەسەپێنێتەوە بەسەر تاراندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG