Accessibility links

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هۆشیاری دەداتە هاوپەیمانەکانی سەبارەت بە مامەڵەکردنی ئابووری لەگەڵ ئێراندا


وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا داوای لە هاوپەیمانانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی و کەرتی تایبەت کرد هەموو هەوڵەکانیان بدەن بۆ ئەوەی ئێران سوودیان لێوەرنەگرێت بۆ کۆمەکیکردنی چالاکیە خراپەکانی.

وەکیلی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سیگڵ ماندڵەر لە لێدوانێکیدا وتی " پێویستە لەسەرتان تۆڕی پارەکانتان توند بکەنەوە و داوا لە کۆمپانیاکانتان بکەن پشکنینی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی نەکەونە تەڵەی ئێرانەوە، هەروەها دەبێت مەترسییەکانی مامەڵەکردنی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیا و لایەنەکانی ئێراندا ڕوون بکەنەوە."

وتیشی " بۆ ئەوانەی کە لە کەرتی تایبەتدان، داوا لە ئێوەش دەکەم ڕێوشوێنی زیاتر بگرنە بەر تاوەکو ئێران و وەکیلەکانیان سوودتان لێوەرنەگرن لە چالاکییە خراپەکانیاندا."

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە هەشتی مانگی پێنجدا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە کە ئامانج لێی ڕاگرتنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بوو.

هەروەها سەپاندنی سزا ئابوورییەکانیشی بەسەر تاراندا ڕاگەیاند بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا کە لە ڕێکەوتنەکەدا ماونەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن.

ماندلەر وتی " ڕژێمی ئێران کۆمپانیاکانتان هەڵدەخەڵەتێنێت و هەروەها پارێزراوی سیستمەکانی پارەتان تێکدەدات و دامەزراوەکانتان دەخاتە مەترسی سزا بەهێزەکانمانەوە، هەموو ئەمانە بۆ کۆمەکیکردن لە تیرۆر و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانیکردن لە گروپە تیرۆریستییەکانە."

وتیشی " دەبێت پیشوەخت ڕەفتار بکەن لە هەوڵەکانتان لەگەڵ ئەوەدا کە ئێران بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ هەڵخەڵەتاندنی کۆمپانیا و وڵاتەکانتان."

هەروەها وتیشی " فشاری دارایی پێشوەخت دەسەپێنین بەسەر ڕژێمی ئێراندا. دەسەڵاتی ئابووریمان بەهێزە و تەنها یەک بژاردە دەخەینە بەردەم ئێران : دەبێت چیتر پشتیوانی لە تیرۆر نەکات و واز لە چالاکییە تێکدەرەکانی بهێنێت و مافەکانی مرۆڤ پێشێل نەکات، ئەگەر نا ڕووبەڕووی کارەساتێکی دارایی دەبێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG