Accessibility links

خامنەئی: ئێران ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لەناو دەبات ئەگەر ئەمەریکا لێی بکشێتەوە


تەلەفیزیۆنی فەڕمی ئێران لە ڕابەری ئێران ئایەتوڵا خامنەئیەوە بڵاویکردەوە تاران پابەند دەبێت بەڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە لەگەڵ هێزەکانی جیهاندا هەتاوەکو ئەو هێزانە پابەند دەبن پێوەی بەڵام ئەگەر ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە بکشێتەوە ئەوا ڕێکەوتنەکە لەناو دەبەین.

لێدوانەکەی خامنەئی دوای پێنج ڕۆژ هات لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کە تیایدا ڕایگەیاند سیاسەتێکی توندتر بەکاردەهێنن دژی ئێران.

خامنەئی وتی " ئەگەر ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە بکشێتەوە ئەوا ئێمە ئەو ڕێکەوتنە لەناو دەبەین. دەبێت هەمووان بزانن ئێرانییەکان لە ئەمەریکا دەبەنەوە."

لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ بووە هۆی ئەوەی ناکۆکی بکەوێتە نێوان واشنتن و ئەو وڵاتانەی کە لە ڕێکەوتنەکەدا بەشدارن، کە بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕوسیا و چین و یەکێتی ئەوروپای تێدایە. یەکێتی ئەوروپا وتی ئەمەریکا ناتوانێت هەنگاوی تاک لایەنانە بنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە لە کاتێکدا کە لایەنێکی زۆر تیایدا بەشدارن و نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندی کردووە.

خامنەئی پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەو وڵاتانە کرد بۆ بەردەوامی پێدان بە ڕێکەوتنەکە، بەڵام وتی ئەو هەوڵانە بەس نین.

وتی " وڵاتانی ئەوروپی پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێکەوتنەکە دووپاتکردەوە و سەرکۆنەی ترامپیان کرد. ئێمە پێشوازی لەوە دەکەین بەڵام داواکردن لە ترامپ کە ڕێکەوتنەکە هەڵنەوەشێنێتەوە بەس نیە. دەبێت ئەوروپا دژی ئەو ڕێوشوێنانە بوەستێتەوە کە ئەمەریکا گرتوونیەتە بەر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG