Accessibility links

ڕۆحانی: وتوێژ لەگەڵ واشنتن ناکەین تاوەکو سزاکان لانەبەن


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی تاران وتوێژ لەگەڵ واشنتندا ناکات هەتاوەکو سزاکانی لەسەر لانەبات، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیدا کۆدەبێتەوە لە هەوڵێکیدا بۆ کۆتای هێنان بە قەیرانی ناوەکی ئێران.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک ترامپ وتی لەکاتێکدا کە بارودۆخەکە گونجاو بێت لەگەڵ سەرۆکی ئێراندا کۆدەبێتەوە بۆ کۆتای هێنان بە کێشەکانی نێوانیان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان.

ڕۆحانی وتی ئێران هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن. وتیشی " پێویستە واشنتن سەرەتا هەموو سزا نایاساییەکانی سەر ئێران لاببات."

وڵاتانی ئەوروپی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە هەوڵدەدەن ڕەوشەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا هێوربکەنەوە دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

وەکو وەڵامێکیش بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە، ئێران پابەندبوونی بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە کەمکردەوە.

ڕۆحانی وتی " بەردەوام دەبین لە کەمکردنەوەی پابەندبوونمان بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە ئەگەر هیچ گرەنتییەکمان نەدەنێ لە بەرژەوەندی ئێمە بێت. تاران هەرگیز ئارەزووی ئەوەی نەبووە ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG