Accessibility links

خامنەئی: ئێران پەرە بە توانا بەرگرییەکانی دەدات سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا


ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی

ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی وتی وڵاتەکەی سوورە لەسەر بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر تاران بەمەبەستی ڕاگرتنی بەرنامە موشەکییە باڵیستییکیەکەی تاران.

خامنەئی لە لێدوانێکیدا وتی " پێویستە ئێران بگوازینەوە بۆ خاڵێک کە ئەو کاتە دوژمنەکانی بۆیان دەربکەوێت کە ناتوانن هەڕەشەی لێبکەن. سزاکانی ئەمەریکا ئێران بەهێزتر دەکات."

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کشایەوە و تەواوی سزاکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەڵام لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنەکە هێشتا پابەندن بە ڕێکەوتنەکەوە.

خامنەئی وتی ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە بەشدارن لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 دا شکستیان هێناوە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران.

لە وتارێکیدا لە شاری مەشهەد خامنەئی وتی " ئەوان هەمیشە لە پشتەوە لە ئێران دەدەن، وڵاتانی ئەوروپی سەلماندیان کە ناتوانیت متمانەیان پێبکەیت."

سەرکردایەتی ئێران هەڕەشەی کشانەوەیان کردبوو لە ڕێکەوتنەکە ئەگەر هاتوو وڵاتانی ئەوروپی یارمەتی ئێران نەدەن لە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیدا.

خامنەئی وتی " ئەو ڕیوشوێنەی ئەوروپیەکان دایانناوە لە گاڵتەیەکی بێ مانا دەچێت." ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو ڕێگەیەی وڵاتانی ئەوروپی کردوویانەتەوە بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا بەبێ ئەوەی دراوی دۆلار بەکاربهێنن بۆ ئەوەی سزاکانی ئەمەریکا نەیانگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG