Accessibility links

جەواد زەریف وەڵامی ئەمەریکا دەداتەوە سەبارەت بە بابەتی داخستنی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە بەسڕە


وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف ڕەتی کردەوە وڵاتەکەی بەرپرس بێت لە زیادبوونی هەڕەشەکان بۆ سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری بەسڕەی عێراق.

زەریف بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی وت " بەدڵنیاییەوە کاریگەریمان هەیە لە عێراقدا بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە ئێمە کۆنتڕۆڵی گەلی عێراقمان کردبێت وەکو چۆن ئەمەریکا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی گەلی ئەو وڵاتانە بکات کە پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵیاندا."

وتیشی ئاگادارکردنەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن لەمدواییانەدا بۆ حکومەتی ئێران سەربەرزیی نیە.

وتیشی " پێویستە لەسەر بەڕێز پەمپیۆ و بەڕێز بۆڵتن بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوە لەجێی ئەوەی ئەو هەڕەشانە لە ئێمە بکەن کە هیچ سوودێکیان نیە و هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیشیان نابێت."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کونسوڵخانەکەی لە بەسڕە دادەخات بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران و ئەو هۆزانەوە کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات، یەکێکیش لە هەڕەشەکان هاویشتنی موشەک بووە.

پەمپیۆ جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ ئێران بە بەرپرس دەزانێت لەسەر هەر هێرشێک کە ڕووبەڕووی ئەمەریکییەکان و دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمەریکا ببێتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕوونم کردەوە ئێران دەبێت تێبگات لەوەی ئەمەریکا بە شێوەیەک گونجاو و خێرا وەڵامی ئەم جۆرە هێرشانە دەداتەوە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی وتی " بڕیاری داخستنی کونسوڵخانەکە هیچ پێویست نەبووە و بیانووشی نیە." وتیشی ئێران سەرکۆنەی هەر هێرشێک دەکات بۆ سەر هەر دیبلۆماتکارێک و دامەزراوە سیاسییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG