Accessibility links

دەزگای هەواڵی تەسنیم: ئێران هۆشیاری دەداتە ئەمەریکا


عەلی لاریجانی

ئێران هۆشیاریدایە ئەمەریکا لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە سنوورەکانی پێشێل بکات، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەمجارە ئێران وەڵامدانەوەیەکی بەهێزتری دەبێت، ئەمەش هەفتەیەک دوای ئەوەی تاران فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی خستە خوارەوە و بووە هۆی ئەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا زیاتر ببن.

دەزگای هەواڵی تەسنیم لە زاری لاریجانییەوە بڵاویکردەوە " خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە تاقیکردنەوەیەکی باش بوو بۆ ئەوان تاوەکو جارێکی دیکە سنوورەکانمان نەبەزێنن."

وتیشی " کاردانەوەی ئێران بەهێزتر دەبێت ئەگەر هەمان هەڵەیان دووبارە کردەوە و سنوورەکانیان بەزاندینەوە."

جێی ئاماژەیە ئێران وتی فڕۆکە ئەمەریکییەکە هاتۆتە ناو ئاسمانی ئێرانەوە و واشنتنیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. دواتر سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیاریدا هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوە بکرێتەسەر ئێران بەڵام لە دوایین ساتەکاندا پاشگەزبۆوە و دواتر وتی ئەگەر ئەو هێرشانەمان ئەنجام بدایە ئەوا ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەکوژران.

شەڕی لێدوانەکانی نێوانیان زیاتر بوو کاتێک سەرۆک ترامپ بەڵێنیدا چەند بەشێک لە ئێران بسڕێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی کردەوەکانی کۆشکی سپی " شێتانەیە".

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە وتی هەر جەنگێک لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا بێت خێرا دەبێت، بەڵام دووبارە جەختی لەوە کردەوە دەیەوێت خۆی بەدووربگرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG