Accessibility links

ئێران پێشنیارەکەی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ ڕەت دەکاتەوە


وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف

ئێران پێشنیارەکەی ئەمەریکای ڕەت کردەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و وتی واشنتن بەندەکانی ڕێکەوتنەکەی پێشووی پێشێلکردووە کە لە ساڵێ 2015 دا لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کرا.

جێی ئاماژەیە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە کە ئامانج لێی سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانە و لەبەرامبەردا سزاکانی سەر ئێران لابران، بەڵام ئەمەریکا دوای کشانەوەکە هەموو سزاکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا سەبارەت بە ئێران برایان هوک وتی ئەمەریکا هەوڵدەدات گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بکات بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەک لەگەڵ ئێراندا کە بەرنامە ناوەکیی و موشەکە باڵیستییەکییەکانی و ڕەفتارەکانی لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.

هوک وتی " ڕێکەوتنە نوێیەکەی کە هیوادارین لەگەڵ ئێراندا واژۆی بکەین ڕێکەوتنێکی تایبەتی نابێت لەنێوان دوو حکومەتدا وەکو ڕێکەوتنەکەی پێشوو. ئێمە هەوڵ دەدەین پەیماننامەیەک واژۆ بکەین."

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەداوە ڕێکەوتنەکەی پێشوو ڕێکەوتنێکی تایبەتی نەبووە و ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی بووە و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لێکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG