Accessibility links

ئێران: موشەکەکانمان دەتوانن لە هێزەکانی ئەمەریکا بدەن و پێویست ناکات مەوداکەیان زیاد بکەین


سەرکردەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران وتی وڵاتەکەی پێویستی نیە مەودای موشەکە بالیستیکییەکانی زیاد بکات چونکە ئێستا دەتوانن بگەنە هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەوڵدەدات سزای نوێ بسەپێنێت بەسەر بەرنامە موشەکییەکەی ئێراندا، جەنەڕاڵ محەمەد عەلی جەعفەری وتی " سزاکان هیچ سودێکیان نابێت جگە لەوەی کە ژمارەی موشەکەکانمان زیاد دەکات."

لەماوەی ڕابردوو لەم مانگەدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕەتی کردەوە پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە پەسەند بکات و بابەتەکەی ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکای کرد تاوەکوو ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە کۆی دەنگ پشتیوانیان لە سەپاندنی سزای نوێ کرد بەسەر بەرنامە موشەکییەکەی ئێراندا و سەرۆک ترامپ داوای لە هاوپەیمانانی ئەمەریکا کرد لەگەڵ واشنتندا بوەستن و هەنگاوێکی بەهێز بنێن دژی ڕەفتارەکانی ئێران کە بۆتە هۆی نائارامی لە ناوچەکەدا و سەپاندنی سزا بەسەر بەرنامە موشەکییەکەی ئێراندا.

دەزگای هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری جەعفەرییەوە بڵاویکردەوە " مەودای موشەکەکانمان دوو هەزار کیلۆمەترن و دەتوانین زیادی بکەین بەڵام پێمان وایە ئەم مەودایە تەواوە بۆ ئێران چونکە زۆربەی هێزەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی دەکەونە ئەو مەودایەوە."

وتیشی " ئەمەریکییەکان هەوڵدەدەن سزای نوێ بسەپێنن بەسەر سوپای پاسدارانی ئێراندا بەهۆی بەرنامە موشەکیەکەیەوە بەڵام ئەمە لەڕاستیدا بۆ زیان گەیاندنە بە ئابووری ئێران."

جێی ئاماژەیە ئێران یەکێک لە گەورەترین بەرنامەی موشەکیی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەندێک لە موشەکەکانی زۆر وردن بەشێوەیەک کە دەتوانن لە ئیسرائیل بدەن."

ئەمەریکاش دەڵێت بەرنامە موشەکییەکەی ئێران پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە چونکە موشەکەکان لە داهاتوودا دەتوانن سەری چەکی ناوەکی هەڵبگرن.

لەلای خۆشیانەوە ئێران ڕەتی دەکەنەوە هەوڵ بدەن چەکی ناوەکی بەدەست بخەن و دەڵێن بەرنامە ناوەکییەکەی تەنها تایبەتە بە پێداویستییە مەدەنییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG