سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران محەمەد ئیسلامی ڕایگەیاند پیتاندنی یۆرانیۆم بەپێی چوارچێوەیەکی کار کە لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە دیاریکراوە بەردەوامە.
ئیسلامی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا تاران پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ لە سەدا 60 کەمکردووەتەوە، وتی " پیتاندنی یۆرانیۆممان بەپێی چوارچێوەی کاری یاسایەک بەردەوامە."
لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ بڵاویکردەوە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو خێرایی پیتاندنی یۆرانیۆمی خاو کردووەتەوە کە دەگەیشتە نزیک ئاستی پلەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەم هەنگاوەش دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا لەگەڵ ئەمەریکا و دووبارە زیندووکردنەوەی گفتوگۆکان سەبارەت بە کارە ئەتۆمییەکانی ئێران.
لە ساڵی 2020 دا پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە تیایدا داوا لە حکومەت دەکات پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر بکات، زیاد لەو ڕێژەیەی کە بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان بۆی دیاریکراوە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەر لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبن.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 دا واشنتن لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، تاران دەستیکرد بە پێشێلکردنی ئەو کۆتوبەندانەی خرابوونە سەر چالاکییەکانی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا.
بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئێران دەتوانێت تەنها بۆ لە سەدا 3.67 یۆرانیۆم بپیتێنێت، لە ساڵی 2021 دا تاوەکو ڕێژەی لە سەدا 60 یۆرانیۆمی پیتاند، ئەمەش وایکرد بێگەردی یۆرانیۆمەکە بگاتە ئاستێک کە نزیک ببێتەوە لەوەی بگونجێت بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی. تاران چەندین جار ڕەتی کردووەتەوە هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بدات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز