Accessibility links

ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەمەریکادا بکرێت بەهۆی سزاکانەوە


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیڕێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیڕێش

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی نارد بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش و تیایدا وتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەمەریکادا بکەن لەسەر ئەوەی دووبارە سزاکانی سەپاندۆتەوە بەسەر هەردوو کەرتی نەوت و دارایی ئێراندا کە ئەوەش پێشێلکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە.

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان غوڵام خۆشڕەو وتی " ڕەفتارە نابەرپرسیەکانی ئەمەریکا پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی بە کۆمەڵ هەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە تاوەکو سەروەری یاسا بە بەرزی بمێنێتەوە و ڕێگە نەدرێت دیبلۆماسیەت لەناوببرێت." هەروەها داواشی کرد ئەمەریکا بە بەرپرسیار بزانرێت.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا لەسەر داوای سەرۆکی وڵاتەکە دانۆڵد ترامپ سزاکانی سەپاندەوە بەسەر کەرتەکانی پیشەسازی نەوت و دارایی ئێراندا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنامەی ناوەکیی ئێران کشایەوە کە تیایدا بەپێی ڕێکەوتنەکە سزاکانی سەر ئێران لابرابوون و لەبەرامبەریشدا ئێران دەبوو چالاکییە ناوەکییەکانی سنووردار بکات.

هەروەها لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف وتی سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بەپێچەوانەوە دەشكێتەوە بەسەر ئەمەریکادا نەک بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا و زیاتر گۆشەگیری دەکات.

زەریف وتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " ئەمڕۆ ئەمەریکا تەحەدای گەورەترین دادگای کردووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، بەوەی کە سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، بەڵام ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت چونکە ئەوە ئەمەریکایە گۆشەگیر بووە نەک ئێران."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG