Accessibility links

ئێران دەڵێت ڕەخنەکانی زێلێنسکی لەسەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەوڵێکە بۆ بە دەستهێنانی چەکی زیاتر لە ڕۆژئاوا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە ئێران کردووە پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیا ڕابگرێت، وتیشی "داوا دەکەین ئێران لە ڕێی پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە مۆسکۆ لایەنی تاریکی مێژوو نەگرێت ."

ڕۆژی شەممە تاران وەڵامی دایەوە و زێلێنسکی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پڕوپاگەندەی دژ بە ئێران، وتی ئامانج لە لێدوانەکانی زێلێنسکی ئەوە بووە چەکی زیاتر و یارمەتی دارایی زیاتری لە ڕۆژئاواوە دەست بکەوێت.

لە سەرەتادا ئێران ڕەتی کردەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی دابێت بە ڕووسیا، بەڵام دواتر وتی پێش دەستپێکردنی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ژمارەیەکی کەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوە بە مۆسکۆ. ئۆکرانیا دەڵێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییانە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە هێرشەکانی ڕووسیادا بۆ سەر شار و ژێرخانەکانی ئۆکرانیا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی وتی "بانگەشە دووبارەوەبووە خەیاڵییەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پڕوپاگەندەی دژ بە ئێرانە و ئامانج لێی بە دەستهێنانی زۆرترین چەک و یارمەتی داراییە لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە."

کەنعانی وتی ئۆکرانیا ڕەتی کردۆتەوە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە بانگەشەکانی بکرێت.

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، مۆسکۆ هاریکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئێراندا زیاتر کردووە. دانیشی بەوەداناوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا هەوڵی پەرەدان بە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆی دەدات.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو زێلێنسکی وتی "پرسیارە سادەکە ئەمەیە: بەرژەوەندی ئێوە چییە لەوەی ببنە هاوبەش لە تیرۆرەکەی ڕووسیادا؟"

وتی "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانتان کە هەموو شەوێک هۆکاری ترس و توقاندنی خەڵکی ئۆکرانیایە، تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵکی ئێران قوڵتر و قوڵتر ڕادەکێشرێنە لایە تاریکەکەی مێژووەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG