Accessibility links

بەرپرسێکی ئێرانی: یەکێتی ئەوروپا شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەدا


سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئەکبەر ساڵحی وتی وڵاتانی ئەوروپی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 شکستیان هێناوە لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیەکانیان، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی تاران نوێترین هەنگاوی ڕاگەیاند بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا.

ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا. لەلایەکی دیکەوە فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا هەوڵیاندا ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕزگار بکەن لەڕێی چالاککردنی سیاسەتێکی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بۆ پاراستنی لە سزاکانی ئەمەریکا. بەڵام تا ئێستا ئەو سیاسەتە ڕووبەڕووی قورسییەکی زۆر بۆتەوە لە جێبەجێکردنیدا. ئێران 60 ڕۆژی داوە بە وڵاتانی ئەوروپی تاوەکو هەنگاوێکی چالاک بنێن بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.

ساڵحی وتی " وڵاتانی ئەوروپی بەداخەوە شکستیان هێناوە لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیەکانیان. ڕێکەوتنەکە ڕێگایەک نیە بە یەک ئاڕاستە و ئێرانیش بەپێی ئەوە مامەڵە دەکات وەکو چۆن تا ئێستا کردوومانە و هەنگاو بە هەنگاو بەرپرسیارێتیەکانمان کەم دەکەینەوە."

ساڵحی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بریکاری بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کۆرنێڵ فیرۆتا لە تاران وتی " ئێران بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتیە ناوەکییەکانی ئەگەر لایەنەکانی دیکە بەردەوام بن لە جێبەجێنەکردنی بەرپرسیارێتییەکانیان."

فێروتا چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفیش کەوت. دەزگای هەواڵی فارس لە زاری زەریفەوە بڵاویکردەوە بەندی 36 لە ڕێکەوتنەکە ڕێگە بە ئێران دەدات بەرپرسیارێتیەکانی کەم بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG