ڕۆژی چوارشه‌مه 7ی مانگی شه‌ش، دوو هێرش کرایه سه‌ر مه‌زاری خومه‌ینی و بینای چاوپێکه‌وتنه‌کانی خه‌ڵکی په‌رله‌مانی ئێران له تاران. به پێی سه‌رچاوه ئێرانییه‌کان هێرشه‌کان کاتژمێر 10:30ی به‌یانی به کاتی تاران ده‌ستی پێ‌کرد و تا کاتژمێر 3.00ی دوا نیوه‌ڕۆ شه‌ڕ و پێکدادان به‌رده‌وام بوو. دوو یان سێ هێرشبه‌ر مه‌زاری خومه‌ینیان له باشووری تاران کرده ئامانج و چواری تریشیان هێرشیان برده یه‌ک له بیناکانی په‌رله‌مانی ئێران.
چۆنیه‌تی ڕووداوه‌که
هێرش بۆ سه‌ر مه‌زاری خومه‌ینی له کاتژمێر 10:30 به‌یانی ده‌ستپێده‌کات و هێرشبه‌ره‌کان هه‌وڵده‌ده‌ن له ده‌رگای ڕۆژئاوای مه‌زاره‌که‌وه بچنه ژووره‌وه. یه‌ک له هێرشبه‌ره‌کانی سه‌ر مه‌زاری خومه‌ینی که پشتوێنه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی له خۆی به‌ستبوو له حه‌وشی مه‌زاره‌که خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه و له ئاکامیدا جگه له خۆکوژه‌که، یه‌ک له خزمه‌تگوزارانی مه‌زاره‌که ده‌کۆژرێت و پێنج که‌سی تریش بریندار ده‌بن. هێرشبه‌ری دووهه‌می سه‌ر مه‌زاره‌که‌ش به پێی هه‌ندێک له سه‌رچاوه‌کان پیاوێک بوه و کۆژراوه و به پێی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی تر خانمێک بوه و به برینداری ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه.
له هێرش بۆ سه‌ر په‌رله‌مانی ئێران، چوار هێرشبه‌ر له کاتژمێر 10:30ی به‌یانی هه‌وڵده‌ده‌ن له ده‌رگای ڕۆژهه‌ڵاتی بینای په‌رله‌مانه‌وه که به‌ره‌و "هۆڵی چاوه‌ڕوانی بۆ چاوپێکه‌وتنی نوێنه‌رانی په‌رله‌مان" ده‌کرێته‌وه بچنه ژووری په‌رله‌مانه‌وه. کاتێک پاسه‌وانه‌کانی به‌ر ده‌رکی په‌رله‌مان داوایان لێده‌که‌ن جانتاکانیان بپشکنن، هێرشبه‌ره‌کان چه‌که‌کانیان ده‌رده‌هێنن و ته‌قه‌یان لێده‌که‌ن.
سێ له پاسه‌وانه‌کان و چه‌ند که‌سێکیش له‌و خه‌ڵکه‌ی بۆ چوونه ژووره‌وه له ڕیزدا وه‌ستاون لێره‌دا ده‌کۆژرێن و بریندار ده‌بن. هێرشبه‌ره‌کان دوای چوونه ژووره‌وه، به هۆی داخرانی ده‌رگای ئاسنی ڕوو به هۆڵی سه‌ره‌کی په‌رله‌مان، ده‌چنه بینای چاوپێکه‌وتنی نوێنه‌ران و خه‌ڵک و به‌رپرسانی ژووری نوێنه‌ران و هه‌روه‌ها ئه‌و خه‌ڵکه‌ی بۆ دیتنی نوێنه‌رانیان له‌وێ ده‌بن ده‌خه‌نه به‌ر ده‌ستڕێژ و هه‌ندێکیان ده‌کوژن و یان برینداریان ده‌که‌ن و له کۆتاییدا ده‌چنه قاتی چواره‌می بیناکه و له‌وێ خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن. دوای چه‌ند کاتژمێرێک ته‌قه و پێکدادان تا کاتژمێر 3:30 دوای نیوه‌ڕۆ سێ له هێرشبه‌ره‌کان به ته‌قه‌ی هێزه‌کانی ئاسایشی ئێران ده‌کوژرێن و یه‌کیشیان خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه.
به‌رپرسیاریه‌تی هێرشه‌که
داعش له کۆتایی ڕۆژی چوارشه‌مه 7ی مانگی شه‌ش، لە ڕاگەیاندنێـکیدا بەرپرسیارێه‌تی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و کورتە ڤیدیۆیەکی له تۆڕی هه‌واڵنێری فه‌رمی خۆی واته "أعماق" بڵاوکرده‌وه کە ژوورێکی شپرز نیشان ده‌دات که‌سێک تیایدا دراوه به زه‌ویدا و گوایه کوژراوه و دوو کەس بە زمانی عەرەبی هوتاف دەکێشن. یه‌ک له‌م که‌سانه ده‌ڵێت: "پێتان وایه ئێمه ده‌ڕۆین؟ ئێمه بۆ هیچ جیگایه‌ک ناڕۆین. ئێمه بۆ هه‌تا هه‌تایه لێره ده‌بین."
دوای کۆتایی هێرشه‌که‌ش، داعش له یه‌کێک له گۆڤاره ئینترنێتیه‌کانی خۆی به نێوی "نبا" واته هه‌واڵ، پۆسته‌رێکی بڵاو کرده‌وه که تیایدا پێنج هێرشبه‌ر ده‌ستیان به نیشانه‌ی برایه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌ک داناوه و له ژێر پۆسته‌ره‌که‌ش نوسراوه ئه‌م هێرشانه پیروزن و "په‌رله‌مانی ڕافزیه‌کان و مه‌زاری خومه‌ینی تاغوت" که‌وتوه‌ته به‌ر هێرش.
داعش هه‌روه‌ها ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه 8ی مانگ، ڤیدیۆیەکی له تۆڕی "اعماق" بڵاو کرده‌وه که پێنج هێرشبه‌ره‌که له ژوورێک نیشان ده‌دات که سیانیان ڕووی خۆیان داپۆشتوه و دوویان پشتیان به کامێراکه‌یه و چه‌کیان به ده‌سته‌وه‌یه و یه‌کێکیان به زمانی کوردی چه‌ند خۆله‌کێک سه‌باره‌ت به هێرشه‌که‌یان قسه ده‌کات.
له‌م ڤیدیۆیەدا که پێش هێرشه‌که گیراوه و به پێی ڕواڵه‌تی نێو ژووره‌که و به تایبه‌ت قه‌واره‌ی بۆری و به‌لۆعه‌ی غازی نیو ماله‌که وادیاره له نێو خۆی ئێران گیراوه وته‌بێژی هێرشبه‌ره‌کان ده‌ڵێت: "به ئێراده‌ی خودای په‌روه‌ردگار، ئه‌م که‌تیبه جیهاد له ئێران ده‌ستپێده‌کات و هیوادارین که برایانی ئازیز درێژه به‌م چالاکییه بده‌ن و نه‌هێڵن ئه‌م مۆمه که ئێمه هه‌ڵمان گیرساندوه بکوژێته‌وه و له به کافر زانینی ڕافزیه‌کان(شێعه‌کان)، ناساندنیان به هه‌موان و کۆشتنیان گۆمان مه‌که‌ن و به ئێزنی خودا خوێنیان بڕێژن"
ڕاگه‌یاندراوه‌کانی ده‌زگاکانی ئێران
وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێران له یه‌که‌م به‌یاننامه‌ی خۆی له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا ڕایگه‌یاند که هێرشبه‌ره‌کان هه‌موویان خه‌ڵکی ئێرانن و زۆرینه‌یان خه‌ڵکی ڕۆژئاوای ئێرانن و ئه‌ندامی داعش بوون و له ڕه‌قه و مۆسڵ شه‌ڕیان کردوه و هاوینی ساڵی پاری هه‌تاوی بۆ یه‌که‌م جار به ڕێبه‌ری که‌سێک به نێوی ئه‌بوو عایشه گڕاونه‌ته‌وه نێوخۆی ئێران، به‌ڵام به هۆی کوژرانی ئه‌بوو عایشه نه‌یانتوانیوه هیچ بکه‌ن و له ئێران ڕایانکردوه‌ته‌وه.
له به‌یا‌ننامه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات ته‌نیا وێنه و نێوی پێنج که‌س براوه که هه‌موویان پیاون و هیچ ئاماژه‌یه‌ک به که‌سی شه‌شه‌م نه‌دراوه. ئه‌م پێنج که‌سه بریتین له سریاس، ئه‌بووجیهاد، قه‌یوم، ڕامین و فه‌ره‌یدوون.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێرانیش له به‌یاننامه‌یێکدا ده‌ڵێت هێرشبه‌ره‌کان شه‌ش که‌س بوون و دوانیان له مه‌زاری خومه‌ینی و چواریان له بینای په‌رله‌مان کوژراون. له‌م به‌یاننامه‌شدا ئاماژه به‌وه نادرێت که که‌سی شه‌شه‌م ژن بوه یان نا؟
به‌ڵام حوسێن ساجدی‌نیا، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی تاران، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به کۆژرانی شه‌ش هێرشبه‌ر له‌م ڕووداوه‌دا له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی ژنێک له مه‌زاری خومه‌ینی ده‌ڵێت: " قسه‌کردنی ئه‌م خانمه به زمانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ تیروریسته‌کان" بوه‌ته هۆی گۆمان درووستبوون له‌سه‌ری لای ئه‌و خه‌ڵکه له‌وێ ئاماده بوون و به پۆلیسیان ناساند و ئه‌وانیش ده‌ستبه‌سه‌ریان کرد.
بێجگه له ئه‌مانه‌ش جه‌واد جه‌ماڵی، ده‌بیری یه‌که‌می کۆمیته‌ی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئێران ده‌ڵێت خانمێک که له مه‌زاری خۆمینی ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه خه‌ڵکی باشووری ئێرانه و هاوکاری ئه‌م گرۆپه تیروریستیه بوه و بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشی ئێرانه‌وه له ژیر لێپرسینه‌وه‌دایه.
سۆپای پاسدارانی ئێرانیش که هێزه‌کانی به‌رپرسیاری سه‌ره‌کی پاراستنی ئاسایشی مه‌زاری خۆمینی و په‌رله‌مانی ئێرانن بێ ئاماژه‌دان به ورده‌کاریه‌کانی ڕووداوه‌که له به‌یانامه‌یێکدا ده‌ڵێت: "توڵه‌ی خوێنی ڕژاوی بێ‌تاوانه‌کان ده‌سێنینه‌وه و به‌رده‌وام ده‌بین له به‌رگری له ژیان و ماڵی هاووڵاتیانی ئێرانی". سۆپا له‌م به‌یاننامه‌دا هه‌روه‌ها ناڕاسته‌وخۆ عه‌ربستان سعوودی و ئه‌مه‌ریکا له‌م په‌یوه‌ندیدا به به‌رپرسیار ده‌زانێت.
جیاوازی ئاماری تاوانبارنی ئه‌م هێرشه له زاری به‌رپرسانی ئاسایشی ئێرانه‌وه ئه‌و پرسیاره‌ی لای چاودێران درووست کردوه که ئایا ئه‌مه نیشانه‌ی سه‌رلێشێواوی زانیاری لای ئه‌م ده‌زگانه‌یه یان به مه‌به‌ست هه‌ر لایه‌نێک بۆ خۆی ئامار ده‌دات؟
کۆژراوه‌کان
ژماره‌ی کۆژراوه‌کانی ئه‌م دوو هێرشه له تاران جگه له شه‌ش هێرشبه‌ره‌که، 17 که‌سن که چوارده‌یان پیاون و سیانیان ژنن. زۆربه‌ی کۆژراوان کارمه‌ندانی نێوه‌رانی په‌رله‌مان بوون و چه‌ند که‌سێکیش له ئه‌و که‌سانه‌ی بوون که بۆ دیتنی نۆێنه‌رانی شاره‌کانی خۆیان چووبوونه نێۆ په‌رله‌مان. له ده‌ره‌نجامی ئه‌م دوو هێرشه‌دا زیاتر له 53 که‌سی تریش بریندار بوون.
هێرشبه‌ره‌کان
وه‌زیری ئیتلاعاتی ئێران دوو ڕۆژ دوای ڕووداوه‌که‌ی تاران ده‌ڵێت هێزه‌کانی وه‌زاره‌تی زانیاری له تاران و پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوایی 41 که‌س له ئه‌ندامانی داعشیان ده‌ستبه‌سه‌ر کردوه و ته‌نانه‌ت ئه‌و خانوه‌ی هێرشبه‌ره‌کان پێش هێرشه‌که له‌وێ کوبوونه‌ته‌وه و ڤیدیۆیان تیایدا تۆمار کردبوو، دۆزیوه‌ته‌وه و هه‌ندێکیشان له‌وێ ده‌ستبه‌سه‌ر کردوون. وه‌زیری ئیتلاعات ده‌ڵێت خه‌ڵکی خۆجێی و به وته‌ی ئه‌و "ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ی تیروریستان" بۆ ناسینی گۆمانلێکراوان زۆر یارمه‌تیان داوه‌ته هێزه‌کانی وه‌زاره‌تی زانیاری.
مامۆستا مه‌لا قادر قادری پێشنوێژی هه‌ینی شاری پاوه له پارێزگای کرماشانی ئێرانیش له نوێژی ته‌راویحی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی مزگه‌وتی “قه‌با”ی ئه‌م شاره ئه‌وه‌ی پشتڕاستکرده‌وه که چه‌ند نه‌فه‌ر له هێرشبه‌ره‌کانی تاران خه‌ڵکی شاری پاوه‌ن.
پرسیاری چاودێران ئه‌وه‌یه که له حالێک‌دا هه‌ندێک له چالاکانی کۆمه‌ڵایه‌تی له شاری پاوه پێشتر سه‌باره‌ت به ئاماده بوونی لایه‌نگرانی داعش له‌م شاره‌دا هۆشداریان دابوو، بۆچی هێزه‌کانی ئاسایشی ئێران له‌م باره‌یه‌وه ڕێگاو شوێنی پێویستیان نه‌گر‌ته به‌ر؟
له هه‌مانکاتدا، هه‌ندێک له چاودێرانی کورد له ئێران له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن که ده‌زگاکانی ئاسایشی ئێران ئاگایان له چالاکی ئه‌و که‌سانه هه‌یه که لایه‌نگری له داعش یان گرووپه تۆندئاژۆ‌کانی‌تر ده‌که‌ن، به‌ڵام یان به هۆکاری نادیار یان بۆ لاواز کردنی پرسی نه‌ته‌وه‌ی و یان بۆ به‌کارهێنانیان له ئاژاوه‌نانه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا لێیان گه‌ڕاون.
یه‌ک له‌و به‌ڵگانه‌ی ئه‌م چاودێرانه له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن، ڕاپۆرتێکه که "کوردستان و کورد"، تۆڕی فه‌رمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دوو ساڵ و نیو له‌مه‌و پێش له ژێر نێوی "ڕه‌وشی ئاسایشی و گشتی پاوه و هه‌ورامان" بڵاوی کردوه‌ته‌وه.
له‌م ڕاپۆرته‌دا نووسراوه که له مزگه‌وته‌کانی شاری پاوه و گۆنده‌کانی ده‌ورووپشتی دوای نوێژی شێوان بانگه‌شه بۆ داعش کراوه و خه‌ڵک هاندراون په‌یوه‌ستی ڕیزه‌کانی داعش بن. له‌م ڕاپۆرته ئاماژه به نێوی پێنج گۆند و هه‌روه‌ها نێوی شاری جوانڕوو کراوه. له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌که‌شدا نووسراوه: "هه‌ندێک له شاری پاوه گه‌نجان هانده‌ده‌ن بچنه ڕیزه‌کانی داعش و خۆشیان ده‌یاننێرن." سریاس سادقی نێوی یه‌ک له‌و که‌سانه‌یه که له ڕاپۆرته‌که‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه.
جێگای سه‌رنجه که سریاس سادقی یه‌ک له‌وانه‌یه که له هێرش بۆ سه‌ر مه‌زاری خومه‌ینیدا به‌شدار بوو و خۆی ته‌قانده‌وه و وێنه‌ی سه‌ری بێپه‌یکری له لایه‌ن به‌رپرسانی ئێرانیه‌وه بڵاو کرایه‌وه و له ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی زانیاری ئێران ئاماژه به نێوی دراوه.