Accessibility links

ئێران یەکەمین بەشە ڤاکسینی سپۆتنیک-ڤی ڕوسی وەردەگرێت


دەزگای هەواڵی ئێرنا ئاماژەی بەوەدا یەکەمین باری ڤاکسینی سپۆتنیک-ڤی ڕوسی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە ئێران.

دەزگاکە وتی " یەکەمین فڕۆکە کە ڤاکسینی ڕوسی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵگرتووە لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی نیشتۆتەوە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چەند بەشە ڤاکسینیان بۆ هاتووە.

دەزگای هەواڵی ئێرنا لەزاری نوێنەری ئێران لە ڕوسیا کازم جەلالیەوە بڵاویکردەوە باری دووەم و سێیەمی ڤاکسینەکە لە 18 بۆ 28ی مانگی دوودا دەگاتە تاران.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58,256 کەس و کۆی ژمارەی توشبووانیش گەیشتە 1,445,326 کەس، ئەمەش بەپێی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران سیما سادات لاری.

لاری وتی ڕەوشەکە " هەستیارە " واپێشبینی دەکرێت " خراپتر ببێت ئەگەر خەڵکەکە ڕێز لە ڕێکارە تەندروستیەکان نەگرن."

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی وڵاتەکەی هیوادارە بتوانێت لە 18 ی مانگی دوودا هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێبکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کڕینی ڤاکسینی سپۆتنیک-ڤی ڕوسی لەلایەن ئێرانەوە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، بەڵام هەندێک لە بەرپرسانیش بە هەمان شێوە کاردانەوەی توندیان لەسەر ئەو بابەتە هەبوو، بەتایبەتی سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمان و پزیشکی تایبەتمەند لە زانستی نەخۆشیە درمیەکان مینۆ میهراز، کە هاوکات ئەندامیشە لە لیژنەی نیشتیمانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

میهراز لە مانگی یەکدا ڕەخنەی لە هەڵبژاردنی ڤاکسینەکە گرت و وتی " ئەو ڤاکسینە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانەوە مۆڵەتی پێنەدراوە." جەختیشی لەوە کردەوە ڤاکسینە ڕوسییەکە بەکارناهێنێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG