Accessibility links

ئێران بەشداری کۆنگرەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانی نەکرد سەبارەت بە وزەی ئەتۆمی لە ئەبو زەبی


ئێران بەشداری کۆنگرەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانی نەکرد بۆ وزەی ئەتۆمی کە لە ئەبو زەبی ئیماڕات بەسترا.

ئێران بڕیاریدا بەشداری کۆنگرەکەی ئەبو زەبی نەکات و سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی یوکیا ئامانۆ لە کاتی وتارەکەیدا خۆی بەتەواوەتی بەدوور گرت لە باسکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان.

بەرپرسانی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هیچ لێدوانێکیان نەدا کاتێک داوایان لێکرا لێدوان بدەن سەبارەت بە بابەتەکە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی وتی هیچ زانیارییەکی نەبووە سەبارەت بە بڕیارەکە.

دواتر لە کۆنگرەکەدا ئامانۆ خۆشی ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەوە بدات.

یوکیا ئامانۆ وتی " ئەمە کۆنگرەیەکە بۆ هەموو وڵاتان کراوەیە و پێشوازی لە بەشداریکردنی هەموو وڵاتان دەکەین، بەڵام بێگومان ئەوە بەندە بە وڵاتەکەوە کە دەیەوێت ئامادە بێت یان نا. لێدوان نادەم لەسەر بەشداری نەکردنی ئێران، ئەوە بەندە بە ئێرانەوە بڕیاری لەسەر بدات."

لەماوەی سەردانەکەیدا بۆ ئێران، ئامانۆ بە ڕۆژنامەنوسانی وت ئێران هێشتا پابەندە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ەوە. سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵذ ترامپ ڕەتی کردەوە پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنەکەوە پەسەند بکات و ڕەوانەی کۆنگرێسی کرد تاوەکو بڕیاری لەسەر بدات.

هەریەک لە سعودیە و ئیماڕات گومانێکی زۆریان هەیە لە ڕێکەوتنەکە، بەپێی ڕێکەوتنەکە ئێران دەبێت چالاکییە ناوەکییەکانی سنووردار بکات و لەبەرامبەریشدا سزاکانی لەسەر لادەبرێن، ئەمەش وای لە سعودیە و ئیماڕات کردووە باوەڕیان وابێت کە بەهۆی لابردنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانەوە ئێران توانیویەتی پشتیوانی مادیی میلیشیا شیعەکانی عێراق بکات و هەروەها پشتیوانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بکات.

بە هەمان شێوە ئیسڕائیلیش هەمان بۆچوونی هەیە، ئیسڕائیل نوێنەرانی خۆی بۆ کۆنگرەکە ناردبوو لە کاتێکدا ئیماڕات وەکو زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی پەیوەندیی سیاسییان نیە لەگەڵ ئیسڕائیلدا و هێشتا دژایەتی ئیسڕائیل دەکەن لەسەر ئەوەی خاکی فەڵەستینیان داگیرکردووە.

ڕێکخەرانی کۆنگرەکەدا داوایان لە ڕۆژنامەنووسان کردبوو کە وێنەی نوێنەرانی ئیسڕائیل نەگرن لە کۆنگرەکەدا.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG