Accessibility links

یانەی تۆپی پێی ئێران بە بڕی 200,000 دۆلار غەرامە دەکرێت


کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بە بڕی 200,000 دۆلار غەرامەی یانەی تۆپی پێی سپاهانی ئێرانی کرد، هەروەها قەدەغەی کرد لەسەر یانەکە لە یاریگاکەی خۆیاندا 'یاریگای نەقشی جیهان ' یاری بکەن. ئەمەش دوای هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەی مانگی ڕابردوویان لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی ئاسیادا لەگەڵ یانەی ئەل ئیتیحادی سعودیەدا.

سپاهان یارییەکەی بە دۆڕان بۆ هەژمار کرا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی یارییەکە ئەنجامیش نەدرا بەهۆی ئەوەی یاریزانانی ئەل ئیتیحاد ڕەتییان کردەوە بێنە ناو یاریگاکەوە، ئەوەش بەهۆی پەیکەرێکی قاسم سولەیمانییەوە کە لە دەروازەی یاریگاکەدا داندرابوو.

بەهۆی سزاکەوە، یانەی سپاهان بۆ دوو یاری دواتر لە پاڵەوانێتییەکەدا ناتوانێت لە یاریگای خۆیدا یاری بکات، ڕۆژی دووشەممە بەرامبەر ئەی جی ئێم کەی ئۆزبەکستاندا یاری دەکەن و 27 ی مانگی یانزەش بەرامبەر یانەی هێزی ئاسمانی عێراقدا یاری دەکەن.

کۆمیتەی ڕێکخەریی کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا وتی ڕەفتارەکەی سپاهان "ژینگەیەکی ناپارێزراو و ئاسایشێکی ناجێگیری دروست کرد و بووە هۆی لکەدارکردنی ناوبانگی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئاسیا و تۆپی پێی ئاسیاش بە گشتی."

ڕووداوەکە لە 2 ی مانگی 10 دا لە ئەسفەهان ڕوویدا، چەند خولەکێک دوای کاتی دەستپێکردنی یارییەکە و لەگەڵ ئامادەبوونی نزیکەی 60,000 هاندەر لە یاریگاکەدا، یارییەکە هەڵوەشێندرایەوە.

قاسم سولەیمانی جەنەڕاڵێکی دیاری سوپای پاسدارانی ئێران بوو، لە مانگی یەکی ساڵی 2020 دا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا کوژرا، لەلایەن فەرمانڕەوایانی ڕژێمی ئێرانەوە وەکو شەهید سەیر دەکرێت.

یارییەکەی ئەم ساڵ لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئاسیادا یەکەمین یاری بوو لە ساڵی 2016 ەوە تاوەکو ئێستا دوو وڵاتی ئێران و سعودیە ڕێگە بە یەکتری بدەن لە وڵاتانی یەکتردا یاری بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG