Accessibility links

بەرپرسێکی ئێرانی: ئێمە تەنها دەمانەوێت نەوتەکەمان بفرۆشین


بەرپرسێکی ئێرانی وتی داوای سەرەکی وڵاتەکەی لە دانوستانە تایبەتییەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا ئەوەیە بتوانێت نەوتی وڵاتەکەی بفرۆشێت بە هەمان ئەو ئاستەی پێش کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا.

ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات بەپێی ڕێکەوتنەکە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە کۆگاکانیدا زیادبکات، ئەوەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر تاران. دیبلۆماتکاران دەڵێن ئەگەر ئێران ئەو کارە بکات ئەوا لەوانەیە ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات و ئەوەش دەبێتە هۆی نەمانی ڕێکەوتنەکە.

ئەم لێدوانانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە پێش دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی دێت لەنێوان بەرپرسانی باڵای ئێران و وڵاتانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکەدا، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە ڕزگارکردنی ڕێکەوتنەکەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە ئەوروپا ناتوانێت ئابووری ئێران لە سزاکانی ئەمەریکا بپارێزێت، ڕوون نیە دەتوانرێت چی بدرێت بە ئێران لەو دەستکەوتە ئابوورییانەی کە دەیەوێت.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە ڤییەنا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " داواکاری ئێمە چیە؟ داواکاری ئێمە ئەوەیە بتوانین نەوتی خۆمان بفرۆشین و دووبارە پارەمان دەستبکەوێتەوە. ئەوەش لە ڕاستیدا کەمترین سوودە وەریدەگرین لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا."

وتیشی " ئێمە داوا لە ئەوروپییەکان ناکەین وەبەرهێنان لە ئێراندا بکەن، ئێمە تەنها دەمانەوێت نەوتەکەمان بفرۆشین."

وڵاتانی ئەوروپی و ئێران هۆکارێکیان دامەزراند بۆ بازرگانیکردن لەنێوانیاندا بە ناوی " ئینستێکس " کە بەپێی ئەو سیستمە دەتوانرێت هەردوولا پارە بۆ یەکتر بگوازنەوە و دراوی دۆلار بەکارنەهێنن، بەڵام هێشتا چالاک نەکراوە و دیبلۆماتکاران دەڵێن ئەو سیستمە تەنها مامەڵە لەگەڵ بڕە پارەی کەمدا دەکات وەکو دەرمان نەک بەکاربهێنرێت بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتە زۆرەی ئێران باسی لێوەدەکات.

بەرپرسە ئێرانییەکە وتی " یان ئەوەتا ئەوروپییەکان نەوتەکەمان لێبکڕن، یان ئەوەتا پارەی نەوتەکەمان بدەنێ."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG