Accessibility links

ئێران دەڵێت ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن ئەگەر سعودیەش ئامادەبێت


وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف

دەزگای هەواڵی ئێران لە زاری وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفەوە بڵاویکردەوە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن ئەگەر سعودیەش ئامادە بێت.

گرژییەکانی نێوان سعودیە و ئێران زیادیانکرد دوای ئەوەی ڕیاز کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی جێبەجێکردنی هێرشەکانی سەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکانی کەنداو، تارانیش لەلای خۆیەوە ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

زەریف وتی " ئەگەر سعودیە ئامادە بێت بۆ گفتوگۆکردن ئەوا ئێمە هەمیشە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ دراوسێکانماندا بکەین."

وتیشی " هەرگیز دەرگامان بەسەر گفتوگۆکردن لەگەڵ دراوسێکانماندا دانەخستووە و هەرگیز داشیناخەین."

هێرشەکانی سەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکان لەکاتێکدا ڕوویاندا کە ئەمەریکای هاوپەیمانی نزیکی سعودیە فشارەکانی بۆ سەر ئێران توندترکردەوە، لە هەوڵێکیدا بۆ ناچارکردنی ئێران تاوەکو وتوێژ بکات لەسەر ئەوەی کوتوبەند بخرێتەسەر جالاکییە ناوەکیی و بەرنامەی موشەکییە باڵیستیکییەکانی.

شازەدەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێوشوێن بگرنەبەر دژی هێرشەکانی سەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکان، بەڵام وتیشی سعودیە جەنگی ناوێت لە ناوچەکەدا.

ڕیاز تاران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئەوەی موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەداتە حوثییەکانی یەمەن تاوەکو دژی سعودیە بەکاری بهێنن، لەلای خۆشیانەوە حوثییەکان ئەوە ڕەت دەکەنەوە.

زەریف وتیشی ئێران دەتوانێت گفتوگۆی لەوشێوەیە لەگەڵ ئیماڕاتیشدا بکات، وتیشی " ئەگەر سیاسەتی خۆیان بگۆڕن ئەوا هەلێکی باش دەبێت بۆ گفتوگۆکردن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG