Accessibility links

ڕۆحانی: سعودییەکان ئێران وەکوو دوژمنێک وێنا دەکەن بۆ داپۆشینی ئەو شکستانەی هێناویانە لە ناوچەکەدا


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی سعودیە ئێران وەکوو دوژمنێک وێنا دەکات چونکە دەیەوێت شکستەکانی لەناوچەکەدا دابپۆشێت.

تەلەفیزیۆنەکە لە زاری ڕۆحانییەوە بڵاویکردەوە " سعودیە لە قەتەڕ شکستی هێناوە، لە عێراق و سوریا و لەمدواییانەشدا لە لوبنان شکستی هێناوە. لە هەموو ئەو ناوچانەدا شکستیان هێناوە."

وتیشی " لەبەر ئەوەیە دەیانەوێت شکستەکانیان دابپۆشن."

هەریەک لە سعودیە و ئێران پشتیوانی لایەنی جیاواز دەکەن لەو جەنگ و ناکۆکییە سیاسییانەی لە ناوچەکەدا هەن.

جێی ئاماژەیە لەماوەی ڕابردوودا شازادەی جیگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان وتی ڕابەری ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی هیتلەری نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەش لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە.

گرژییەکانی نێوان سعودیە و ئێران لەم مانگەدا زیاتر بوون دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری لوبنان سەعد حەریری لە سعودیە دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و ئێران و حیزبوڵای لوبنانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی لە جیهانی عەرەبیدا و ئاماژەی بەو مەترسیانە کرد کە ڕووبەڕووی ژیانی بوونەتەوە.

حیزبوڵای لوبنانیش وتی ئەم جووڵەیە کارێکی دوژمنانەییە کە بەرپرسانی سعودیە دایانڕشتووە و سعودیەش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG