سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی تاران لەژێر گوشاردا گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکادا ناکات و ئاماژەی بەوەدا ڕۆڵی ئێران گرنگە لە بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئێران لەژێر گوشاردا گفتوگۆ ناکات، چۆک بۆ گوشارەکانی ئەمەریکا دانادەین و لە بێهێزییەوە گفتوگۆ ناکەین."
دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە، هەموو سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. سەرەڕای فشارە ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، تاران چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە گفتوگۆ لەسەر ڕێکەوتنێکی نوێ بکات و دەڵێت هەتاوەکو ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران لانەبات ئەوا دانوستان ناکەین.
ڕۆحانی وتی " سیاسەتی سەپاندنی توندترین گوشار بۆ سەر ئێران شکست دەهێنێت، دوژمنەکەمان بەباشی دەزانێت کە فشارەکانی سوودیان نیە."
ڕۆحانی وتیشی " بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی فارسدا بەبێ یارمەتی ئێران مەحاڵە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز