Accessibility links

ئیبراهیم ڕەئیسی دەڵێت ئەگەر وڵاتێک شەڕ دەستپێبکات وڵامێکی بەهێزی دەدەینەوە


ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی هەینی 2ی مانگی دوو لە وتارێکدا لە پارێزگای هورمزگان ڕایگەیاند "شەڕ دەست پێناکەین، بەڵام ئەگەر وڵات و هێزێکی شەڕخواز بیەوێت بەرۆکمان بگرێت، کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامێکی قورس و یەکلاکەرەوەی دەداتەوە ."

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن و بەهۆیەوە سێ سەربازیی ئەمەریکایی کوژران، لەم هەفتەیەشدا قسە و باس هەبوون لەسەر ئەوەی ئەمەریکا ڕەنگە تۆڵە بکاتەوە.

کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە ئەمەریکا پلانەکانی پەسەند کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دژی چەندین ئامانج لە عێراق و سوریادا، بە سەرباز و دامەزراوە ئێرانییەکانیشەوە لەو دوو وڵاتەدا.

ڕەئیسی لە وتارێکدا وتی " ئێمە دەستپێشخەری جەنگێک نابین، بەڵام ئەگەر هەر کەسێک بیەوێت شەڕمان پێفرۆشێت، ئەوا وەڵامێکی توند وەردەگرێت."

وتیشی " پێشتر ئەوان ' ئەمەریکاییەکان ' دەیانویست قسەمان لەگەڵدا بکەن، وتییان بژاردەی سەربازیی لەسەر مێزەکەیە، ئێستا دەڵێن نیازی هیچ ململانێیەکییان لەگەڵ ئێراندا نیە."

ڕەئیسی وتی " هێزە سەربازییەکەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا هەرگیز هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و هەڕەشەش نابێت، بەڵکو دڵنیایی دەدات لەسەر ئاسایش بە شێوەیەک کە وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن پشتی پێببەستن و متمانەی پێبکەن."

چوار بەرپرسی ئەمەریکایی بە ڕۆیتەرزییان وت ئەمەریکا هەڵسەنگاندنی کردووە و پێی وایە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە سێ سەربازیی ئەمەریکایی کوشت و زیاتر لە 40 کەسی دیکەی بریندار کرد، لەلایەن ئێرانەوە دروست کراوە.

سەرچاوەکان دەڵێن سوپای پاسدارانی ئێران ئەفسەرە باڵاکانی لە سوریا هێناوەتە دەرەوە.

ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئێران یارمەتی گروپە چەکدارییەکانی ناو عێراق و سوریاش دەدەن، ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازیی دیکەی لە سوریادا هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG