ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی پشتگیری لە مەسعود پزیشکیان کرد وەکو سەرۆکی وڵاتەکە، ئەمەش دوای ئەوەی پزیشکیان لەم مانگەدا سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەستهێنا، لە ڕێی بەڵێندان لەسەر سیاسەتێکی دەرەکی کرداریی و کەمکردنەوەی سەرکوتکارییەکان لە ناوخۆدا.
پزیشکیانی میانڕەو کە ڕۆژی سێشەممە سوێندی یاسایی دەخوات، لە کاتێکدا دەبێتە سەرۆکی ئێران کاتێک گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس و حزبوڵای لوبنان زیادییان کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ئێران هۆشداریدایە ئیسڕائیل دژی هەر سەرکێشییەکی نوێ لە لوبنان، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل لۆمەی حزبوڵای کرد لەسەر هێرشە موشەکییەکەی ڕۆژی شەممەی سەر یاریگایەکی تۆپی پێ لە بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی 12 کەس، هەروەها بەڵێنیداوە وەڵامێکی قورسی هەبێت.
حزبوڵا ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا.
ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە وتارێکدا کە لەسەر تەلەفیزیۆنی دەوڵەت پەخشکرا، پزیشکیانی پەسەند کرد، دواتریش جەختی لە هەڵوێستە دژە ئیسڕائیلییەکەی ئێران کردەوە.
خامنەئی وتی " ڕژێمی زایۆنی ( ئیسڕائیل ) دەوڵەت نیە، چەتەیەکی تاوانبارە، بانکێکە لە بکوژەکان، باندێکی تیرۆریستیشە." هاوکات ستایشی حەماسی کرد بۆ بەرخۆدانەکەی دژی ئیسڕائیل لە غەززە.
لە کاتێکدا کە خامنەئی خۆی بڕیاردەری کۆتایە لەسەر پرسە گرنگەکانی دەوڵەت، پزیشکیان پێشبینی ناکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتەکانی ئێرانی وەکو پشتیوانیکردن لە گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکەدا دروست بکات.
دەسەڵاتی باڵا لە سیاسەتی ناوچەکەدا سەرۆک نیە، بەڵکو سوپای پاسدارانە کە تەنها فەرمان لە خامنەئییەوە وەردەگرن.
سەرکەوتنی پزیشکیان هیواکانی زیاد کرد لەسەر ئەوەی بتوانێت گرژییەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوادا کەم بکاتەوە، لەوانەش لەسەر ناکۆکییەکانییان لەسەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان.
بەڵام وەکو دەسەڵاتی کۆتا و باڵا لە ئێران، دوایین قسە لەسەر پرسەکانی دەوڵەت لای خامنەئییە، لەوانەش سیاسەتی دەرەوە و ئەتۆمی ئێران، هەروەها دەستنیشانکردنی کابینەکەی پزیشکیان، لەوانەش وەزیرانی دەرەوە و نەوت و هەواڵگری.
لە کاتێکدا کە دەسەڵاتە ڕۆحانییەکەی ئێران ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران بووەتەوە لەسەر ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە زاڵ بووە بەسەر وڵاتەکەدا، ئامانجی پزیشکیان ئازادکردنی وڵاتەکە دەبێت لە سزا کەمەرشکێنەکانی ئەمەریکا، کە دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.
خامنەئی وتی " وەکو وەڵامێک بۆ پرسە جیهانییەکان، ئێمە دەبێت زۆر چالاکانە و کاریگەرانە کار بکەین، دەبێت کارە پێشینەکان لەبەرچاو بگیرێن، ئەمڕۆ لە بەرەی ناوخۆدا پرسە ئابوورییەکان کاری پێشینەن."
پزیشکیان شوێنی ئیبراهیم ڕەئیسی توندڕەو دەگرێتەوە کە لە مانگی پێنجدا لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیدا گیانی لە دەستدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز