Accessibility links

سوپای پاسدارانی ئێران: پلانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شکست دەهێنێت


سوپای پاسدارانی ئێران وتی پلانی ئاشتی ئەمەریکا بۆ ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی دەکرێت کە ئاشتی بخاتە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینەوە شکست دەهێنێت و حەماسی فەڵەستینیش بە توندی وەڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوە کە پێشنیاری ئەمجۆرە ڕێکەوتنەیان کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئەم پلانە بە گرێبەستی سەدە ناودەبات، بەڵام بەرپرسانی فەڵەستینی هەوڵەکانی ئەمەریکایان ڕەت کردۆتەوە و پێیان وایە ئەم پلانە لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیل دەبێت.

واچاوەڕوان دەکرێت تیمەکەی سەرۆک ترامپ بە ڕابەرایەتی جارێد کوشنەری زاوای و ڕاوێژکاری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانەکە لە کۆنگرەکەی بەحرەیندا ئاشکرا بکەن کە لە کۆتای مانگی حەوتدا بەڕێوەدەچێت.

دەزگای هەواڵی تەسنیم لە زاری بەیاننامەیەکی سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە تەنها چارەسەر بۆ کێشەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستین ئەوەی " سەهیۆنیەت لە خاکە داگیرکراوەکان بکشێتەوە و پەنابەرانی فەڵەستینی بگەڕێنەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەربەخۆ."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات هەر پلانێک بێجگە لەوە شکست دەهێنێت و دەشڵێت " چەکدارانی حەماس بە توندی وەڵامی هەموو ئەوانە دەدەنەوە کە پێشنیاری ئەم گرێبەستی سەدەیەیان کردووە و ئەو ناپاکانەشی کە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سیستمی سەهیۆنیەتدا باش بکەن."

جێی ئاماژەیە ئیسڕائیل و ئەمەریکا و سعودیە، ئێران تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی تێکدان و خستنەوەی گرژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیکردنی تیرۆر، تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG