Accessibility links

ئێران داوای لابردنی میکانیزمی سەرلەنوێ سەپاندنەوەی سزاکان دەکات


ڕاوێژکاری باڵای ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی دەڵێت پێش گفتوگۆی نوێ لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا، ئێران داوای لابردنی میکانیزمی گەڕانەوەی خێرای سزای نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات لە ڕێککەوتنی ناوکیدا، کە بە پێی ئەو میکانیزمەی دانراوە دەتوانرێت هەر کاتێک ئێران پێشێلکاری لە ڕێککەوتنەکە بکات هەمو سزاکان دەستبەجێ دژی تاران زیندو بکرێنەوە بەبێ ئەوەی هیچ ئەندامێکی ڕێککوتنەکە بتوانێت ڤیتۆی بکات.

ئێران لە ڕێککەوتنی ساڵی 2015 دا ڕازی بوو لە بەرامبەر لابردنی سزاکانی ئەمەریکا، چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات. ڕێککەوتنەکە ئەوە لە خۆ دەگرێت کە گەر بێتو ئێران ڕێککەوتنەکە پێشێل بکات ئەوا هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بە خێرایی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر ئێران و هەروەها داوا لە تاران دەکات کە هەموو چالاکییەکانی تایبەت بە پیتاندنی ناوکی و دووبارە ڕێکخستنەوەیان بوەستێنێت لەوانە گەشەدان بە توێژینەوەکانی لەو بوارەدا.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری باڵای خامەنەئی لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە ماڵپەڕی رێبەری باڵای ئێراندا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "پێویستە ئەم میکانیزمی زیندوکردنەوەی سزایانە وەک بنەمایەکی ناعەقڵانی لاببرێت."

ویلایەتی وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران گوتیشی " ڕێبەری باڵای ئێران هەر لەسەرەتاوە بەم میکانیزمە ڕازی نەبووە و دژی خواستەکانی ئەو بووە."

ئێران داوای ڕۆژئاوای بۆ گفتوگۆی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر لەسەر چالاکی ئەتۆمی و سەربازییەکانی ڕەتکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 دا لە ڕێککەوتنەکەی کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە.

سەرۆکی چاودێری ئەتۆمی جیهانی ڕۆژی دووشەممە گوتی زلهێزانی جیهان و ئێران چەند هەفتەیەکیان هەیە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 پاش ئەوەی تاران دەستیکرد بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی باڵادا و پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد لە مانگی داهاتووەوە دەستڕاگەیشتنی پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی سنووردار دەکات.

XS
SM
MD
LG