کەناڵی فەڕمی ئێرانی لە زاری سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی عەلی عەکبەر ساڵحییەوە بڵاویکردەوە ئێران دەتوانێت بەڕێژەیەکی زیاتر یۆرانیۆم بپیتینێت زیاتر لەوەی پێش گەیشتن بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.
ساڵحی هۆشیاریدا بە سەرۆک ترامپ و وتی " ئێران ئامادەیە زۆر زیاتر لە پێش گەیشتن بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە یۆرانیۆم بپیتێنێت، هیوادارم ترامپ هۆشی بێتەوە سەر خۆی و لە ڕێکەوتنەکە نەکشێتەوە."
بەهۆی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕوسیا لەگەڵ ئێراندا، تاران لە سەدا 20 بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی کەم کردەوە و دەستبەرداری زۆربەی کۆگاکانی بوو.
هەروەها ئێران بەدووری دەزانێت جارێکی دیکە دوای ساڵی 2025 دانوستان لەسەر بەرنامە موشەکییە باڵیستییکییەکانی و چالاکییە ناوەکییەکانی و ڕۆڵی وڵاتەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکاتەوە وەکو ئەوەی سەرۆک ترامپ داوای کردووە.
بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا پشتیوانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەکەن و بە باشترین ڕێگەی دەزانن بۆ سنوور دانان بۆ بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران. بەڵام داوا لە ئێران دەکەن سنوورێک بۆ دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکە و بەرنامە موشەکییەکەی دابنێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز