Accessibility links

کاردانەوەی جیهان سەبارەت بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیاریدا وڵاتەکەی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بکشێتەوە و سەرلەنوێ سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە.

دوای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ هەندێک لە وڵاتانی جیهان و لایەنەکانی ناو ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کاردانەوەیان هەبوو سەبارەت بە بڕیارەکە و هەندێک پێشوازییان لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ کرد و هەندێکیش نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکەدا.

یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەشدارە لە ڕێکەوتنەکەدا ئەڵمانیایە، لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی وڵاتەکەی هەوڵدەدات لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بمێنێتەوە سەرەڕای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی ئەمەریکا.

ماس بە کەناڵی ئەی ئاڕ دی وت " هەوڵدەدەین پارێزگاری لەم ڕێکەوتنە گرنگە بکەین، کە گرەنتی ئەوە دەدات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان پارێزراوتر بێت."

هەروەها جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لەگەڵ ئێراندا هەواڵێکی باش نیە لە واشنتنەوە.

هەروەها وتیشی دەبێت ئەوروپییەکان ئەوەی کە ماوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕزگاری بکەن و بیپارێزن.

لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هەست بە بێهیواییەکی زۆر دەکات سەبارەت بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران.

وتیشی " هیچ بیانوویەک نیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە. ڕێکەوتنەکە سەرکەوتوویی خۆی دەرخستووە."

وتیشی " ئەمەریکا متمانەی جیهان بە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ناهێڵێت."

ئاماژەشی بەوەدا مۆسکۆ ئامادەیە بەردەوام بێت لە کارکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنەکەدا و هەروەها بەردەوامیش دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەبێتە هۆی خستنەوەی نائارامی و ململانێی نوێ لە ناوچەکەدا.

وتەبێژ ئیبراهیم کالین وتی ڕێکەوتنەکە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بەردەوام دەبێت و تورکیاش بەردەوام دەبێت لە دژایەتیکردنی هەموو جۆرەکانی چەکی ناوەکیی.

هەروەها بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا داوایان لە ئەمەریکا کرد ڕێوشوێن نەگرێتە بەر بۆ بەربەست دانان لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە.

ڕابەرانی بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی بڵاویکردەوە دەڵێن " داوا لە ئەمەریکا دەکەین بەربەست نەخاتە بەردەم ڕێکەوتنەکە و خۆی بەدووربگرێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێن کە ببێتە هۆی بەربەست دانان لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە لەلایەن وڵاتانی دیکەی ناو ڕێکەوتنەکەوە."

دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ بڕیارەکەی ڕاگەیاند، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی بە تەلەفون قسەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا کرد.

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی وڵاتەکەی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا دەمێنێتەوە سەرەڕای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ.

XS
SM
MD
LG