Accessibility links

ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا: چالاکیە ناوەکیەکانی ئێران دانوستانەکانی ڤییەنا دەخەنە مەترسییەوە


ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا هۆشیاریاندا لەسەر ئەوەی نوێترین چالاکیەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم پێدەچێت ببێتە هۆی پەکخستنی دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ڤییەنا، واشتنیش داوای لە تاران کرد " سەرکێشیە گەورەکانی " ڕابگرێت.

ئەم هۆشیاریدانەی ئەمەریکا و ئەوروپا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند ئێران بەنیازە یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 20 بپیتێنێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەردەوام دەبین لە هاندانی ئێران سەرکێشیە گەورەکانی ڕابگرێت و بە ئامادەباشیەوە بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڤییەنا. هەروەها لە حاڵەتێکیشدا بن ئامادە بن بۆ کۆتایی هێنان بە کارەکان."

ئەم هەنگاوەی ئێران هەنگاوێک نزیکی دەکاتەوە لە پەرەپێدانی ئەو ماددانەی پێویستن بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی.

پڕایس وتی " شتێکی نیگەرانکەرە ئێران دەیەوێت بەردەوام بێت لە پابەندنەبوونی بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا."

وتیشی " ئەمە بەداخەوە هەنگاوێکی دیکەی ئێرانە بۆ دواوە."

لەلای خۆشیانەوە وڵاتانی ئەوروپاش بە هەمان شێوە هاتنە سەر خەت، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا " نیگەرانی " خۆیان دەربڕی و هۆشیارییاندایە ئێران لەسەر ئەوەی ئەم هەنگاوە گفتوگۆکان دەخاتە مەترسییەوە.

سێ وەزیرەکە لە بەیاننامەیەکدا وتیان " بەم هەنگاوانەی ئەمدواییەی، ئێران هەڕەشە لەو ئەنجامە سەرکەوتووەی دانوستانەکانی ڤییەنا دەکات کە لە ماوەی تەنها شەش خولی دانوستانەکاندا دەستەبەرکراوە."

وتیشیان " دەبێت ئێران بەبێ دواکەوتن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئێمە چەند جارێک جەختمان لەوە کردۆتەوە کات لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG