Accessibility links

سەرۆکی ئێران: ناکرێت دووبارە دانوستاندن لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بکرێتەوە


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی ناکرێت دووبارە دانوستاندن لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا بکرێتەوە دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ هۆشیاریدا لەوەی کە سەیری ڕێکەوتنەکە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا لە بەرژەوەندی ئەمەریکایە یاخوود نا.

ڕۆحانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران دوای گەڕانەوەی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " هەندێک گفتوگۆی خەڵک هەبوون لەسەر ئەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە خراپ نیە بەڵام نابێت بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە یان ڕێکەوتنێکی باشە بەڵام دەبێت دووبارە دابنیشینەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین چۆن باشتری بکەین و ئەگەر کێشەیەکی تیابێت ئەوا دەتوانین چارەسەری بکەین."

وتیشی " بە ڕوونی پێمان وتوون کە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ناکرێت دووبارە دانوستاندنی لەسەر بکرێتەوە."

سەرۆک ترامپ لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند بڕیارێکی داوە سەبارەت بەوەی چی دەکات بەرامبەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، بەڵام بڕیارەکەی ڕانەگەیاند.

ڕۆحانی وتی " ترامپ هەڵەی گەورەی کرد لە وتارەکەیدا. تۆمەتی وای بەخشیەوە کە هیچ بنەمایەکیان نیە."

هەر سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی لاڤرۆڤ وتی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لەناودەبات.

لاڤرۆڤ بە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند " بەکارهێنانی سزای توند و نایاسایی سروشتی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لەناودەبات. هەمووان هەست بە بێزاربوون دەکەن سەبارەت بە سزا نوێیەکانی ئەمەریکا دژ بە ئێران."

وتیشی " ئەو سزایانە هەڕەشە لە پلانی پێکەوە کارکردن دەکەن." وەکوو ئاماژەیەک بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکەی جیهان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG