Accessibility links

ئێران داوا لە جیهان دەکات بەرپەرچی سەرۆک ترامپ بدەنەوە و ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕزگار بکەن


وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە محەمەد جەواد زەریفەوە بڵاویکردەوە جیهان دەبێت بەڕووی هەڵسوکەوتەکانی واشنتندا بوەستێتەوە ، ئەمەش لە پەیامێکی زەریفدا بۆ هاوتاکانی لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دوای ئەوەی ئەمەریکا کشایەوە لێی.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ مانگی پێشوو کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکەوتنەکە ڕاگەیاند و وڵاتانی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە هەوڵ دەدەن ڕێکەوتنەکە ڕزگار بکەن.

هێشتا ئەو وڵاتانەی کە لە ڕێکەوتنەکەدا ماون لەوانە فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و چین و ڕوسیا ئەو ڕێکەوتنە بە باشترین ڕێگە دەزانن بۆ ئەوەی نەهێڵن ئێران چەکی ناوەکیی پەرەپێبدات و هەوڵدەدەن پارێزگاری لە ڕێکەوتنەکە بکەن.

هەفتەی ڕابردوو زەریف لە پەیامەکەیدا بۆ هاوتاکانی وتی " ئەو وڵاتانەی کە لە ڕێکەوتنەکەدا ماون و هاوبەشەکانی دیکەی بواری بازرگانیمان ئەگەر دەیانەوێت ڕێکەوتنەکە بمێنێتەوە دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە کە ڕووبەڕووی ئێران بۆتەوە دوای کشانەوەی ئەمەریکا."

وتیشی " ڕێکەوتنە ناوەکییەکە موڵکی وڵاتانی بەشدار نیە تاوەکو لایەنێک بتوانێت بەپێی سیاسەتی ناوخۆی یان ناکۆکییەکی سیاسیی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیەکەی پێشوویدا ڕێکەوتنەکە ڕەت بکاتەوە."

زەریف وتیشی " ڕێكەوتنە ناوەکییەکە دەرەنجامی گفتوگۆ و مشتومڕێکی هەستیار و بابەتی هاوسەنگ بووە و ناکرێت دووبارە دانوستانی لەسەر بکرێتەوە وەکو ئەوەی ئەمەریکا داوای دەکات."

هەروەها لە پەیامەکەیدا دەڵێت کشانەوە نایاساییەکەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە و ئەو بەرنامەیەی کە پەیڕەوی دەکات بۆ ئەوەی حکومەتەکانی دیکەش هەمان بڕیار بدەن گومانی خستۆتە سەروەری یاسا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG