Accessibility links

سەرۆکی نوێی ئێران دەڵێت کاردەکات بۆ لابردنی سزاکانی ئەمەریکا


دوای ئەوەی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی وەکو سەرۆکی نوێی وڵاتەکە پەسەندی کرد، ئیبراهیم ڕەئیسی وتی ئێران هەنگاو دەنیت بۆ لابردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەی.

ڕەئیسی لە وتارێکدا دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئێران وتی " کاردەکەین بۆ لابردنی ئەو سزا ناڕەوایانەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە سەپێندراون." ئاماژەشی بەوەدا حکومەت هەوڵ دەدات گوزەرانی هاوڵاتیانی باشتر بکات کە بەهۆی سزاکانەوە زیانێکی زۆرییان بەرکەوتووە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا کە بوونە هۆی پەکخستنی ئابووری ئەو وڵاتە.

لە مانگی چوارەوە ئێران و شەش وڵاتی زلهێز لە گفتوگۆدان بۆ زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، بەڵام بەرپرسانی ئێران و ڕۆژئاوا دەڵێن هێشتا کۆسپی گەورە ماون.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ، هەفتەی ڕابردوو لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کوەیت وتی "لە ڤیـیەننا دانوستاندنی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێرانیـیەکاندا کرد و نیازپاکی و خواستی گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەمان پیشانداوە." وتیشی "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە و دەبێت بڕیار بدات." جەختی کردەوە لەوەی ناکرێت دانوستاندنەکان بۆ هەتاهەتایە بەردەوامبن.

لە 20 ی شەشدا خولی شەشەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دواخرا، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ سەرۆکایەتی ئێران هەڵبژێردرا.

لایەنەکانی بەشدار لە دانوستانەکاندا هێشتا ئاشکرایان نەکردووە کەی خولی دواتری دانوستانەکان لە ڤییەننا دەستپێدەکەنەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG