Accessibility links

ئێران دەڵێت بەردەوام دەبێت لە تاقیکردنەوە موشەکەکانی


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

ئێران ڕایگەیاند بەردەوام دەبێت لە تاقیکردنەوەی موشەکەکانی بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرگری وڵاتەکەی و ڕەتیشی کردەوە یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردبێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا وتی ئێران تاقیکردنەوەیەکی موشەکی نوێی ئەنجامداوە کە لەتوانایدا هەیە کڵاوەی ناوەکی هەڵبگرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی تاقیکردنەوە موشەکییە باڵیستیکیەکەی ئێران ڕێکەوتنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانی پێشێل کردووە کە لە ساڵی 2015 دا واژۆ کراوە.

دەزگای هەواڵی تەسنیمی ئێرانی لە زاری وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەنەڕاڵ ئەبو فەزڵ شکارچییەوە بڵاویکردەوە " تاقیکردنەوە موشەکییەکان لەپێناو بەرگری و هێزی بەرپەرچدانەوەی تایبەتی وڵاتەکەدا ئەنجام دەدرێن و بەردەوامیش دەبین لەوە."

وتیشی " بەردەوام دەبین لە پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی موشەکەکان. ئەمە لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەیە و بەشێکە لە ئاسایشی نیشتیمانیمان کە بۆ ئەنجامدانی مۆڵەت لە هیچ وڵاتێک وەرناگرین."

وتەبێژەکە نە پشت ڕاستی کردەوە و نەڕەتیشی کردەوە وڵاتەکەی تاقیکردنەوەیەکی موشەکی نوێی ئەنجام دابێت.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسی " ئێران هەر ئێستا تاقیکردنەوەیەکی موشەکی باڵیستیکی مەودا ناوەندی ئەنجامداوە کە لەتوانایدا هەیە بگاتە ئیسڕائیل و ئەوروپا. ناکرێت ئەم جۆرە ڕەفتارە ئیستیفزازیانە قبوڵ بکرێن."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی وتی " " بەرنامەی موشەکی ئێران سروشتێکی بەرگریی هەیە، هیچ بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش نیە بەرنامە موشەکییەکە قەدەغە بکات و بڵێت نابێت ئێران تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجام بدات."

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە تاقیکردنەوە موشەکییەکە و وتی ئەمە ئیستیفزاز کردنە و سەرچاوەی هەڕەشەیە و یاسای ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی پێشێل کردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG