Accessibility links

خامنەئی: ئێران سەبارەت بە بوونی وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژئاوادا ناکات


ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا علی خامنەئی وتی تاران گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژئاوادا ناکات سەبارەت بە بوونی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەش دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ ئێران کە هەوڵیدا باس لە ڕۆڵی تاران بکات لە ناکۆکییەکانی ناوچەکەدا.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان گەشتی کرد بۆ تاران بەمەبەستی ئەوەی جەخت لە پشتیوانی ئەوروپا بکاتەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و لە هەمان کاتدا تیشک بخاتە سەر ترسەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە موشەکییەکەی ئێران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا.

ماڵپەری فەڕمی خامنەئی لە زاری خامنەئییەوە بڵاویکردەوە " وڵاتانی ئەوروپی دێن بۆ لامان و دەڵێن دەمانەوێت سەبارەت بە بوونی وڵاتەکە لە ناوچەکەدا گفتوگۆ بکەین. ئەوە پەیوەندیی بە ئێوەوە نیە. ئەمە ناوچەی ئێمەیە ئێوە بۆچی لێرەن؟"

خامنەئی وتی ئێران تەنها لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکات.

سوپای پاسدارانی ئێران بە هەزاران سەرباز و چەکی ناردووە بۆ سوریا بۆ پشتیوانیکردنی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە جەنگی ناوخۆی سوریادا کە ماوەی حەوت ساڵە بەردەوامە. ئیسڕائیلیش ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵدەدات بوونێکی سەربازیی هەمیشەیی هەبێت لە سوریادا.

هەروەها خامنەئی بوونی هێزەکانی ئەمەریکای لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا بە گەندەڵی و فیتنە ناودێر کرد و وتی ئیران داوای مۆڵەت لە واشنتن ناکات تاوەکو چالاکیی هەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وتی " ئێمە کاتێک گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکادا دەکەین کاتێک بمانەوێت لە ئەمەریکا بین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG