Accessibility links

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکان سەدان کەس لە ئێران ناڕەزاییان دەربڕی


ڕۆژی پێنجشەممە سەدان هاوڵاتی ئێرانی لە شاری مەشهەدی ئێران کە دووەم گەورەترین شاری ئێرانە ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان دەربڕی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکان و گوتاریان دژی حکومەت بەرزکردەوە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە خۆپیشاندەران لە مەشهەدی باکووری ڕۆژئاوای ئێران کە یەکێکە لە پیرۆزترین شوێنی شیعەکان هاوار دەکەن دەڵێن " مردن بۆ حەسەن ڕۆحانی، مردن بۆ دیکتاتۆر."

دەزگای کرێکارانی ئێرانی نیمچە فەڕمی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوەدا کە چەند شارێکی دیکە لە هەرێمی خوراسان لە نیشاپور و کاشمیر خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.

جێی ئاماژەیە زۆرێک لە ئێرانییەکان دەڵێن باری داراییان باش نەبووە بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنەوە.

ناوەندی سەرژمێرییەکانی ئێران دەڵێت ڕێژەی بێکاری لەمساڵدا گەیشتۆتە لە سەدا 12.4 کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵێ ڕابردوودا ئەو ڕێژەیە لە سەدا 1.4 زیادی کردووە.

دەزگای هەواڵی تەڵەبە لە زاری فەرمانڕەوای مەشهەد محەمەد ڕەحیم نەورۆزیانەوە بڵاویکردەوە " خۆپیشاندانەکان یاسای نین بەڵام پۆلیس بە لێبووردەییەوە مامەڵەی لەگەڵ خەڵکەکەدا کردووە."

هەروەها وتیشی هەندێک لە خۆپیشاندەران دەستگیرکراون بەهۆی ئەوەوە کە هەوڵیانداوە زیان بە موڵکی گشتی بگەیەنن.

هەروەها دەزگای هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە نەورۆزیانەوە بڵاویکردەوە " دوژمنانی کۆماری ئێسلامیی خۆپیشاندەکانیان ڕێکخستووە."

هەروەها هەندێک لە خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد " سوریا بەجێ بهێڵن، بیر لە ئێمە بکەنەوە." ئەوەش وەکو ڕەخنەیەک لە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئێران لە سوریا وەکو پشتیوانیەک بۆ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە ناکۆکییەکانی سوریادا کە لە ساڵی 2011 ەوە دەستی پێکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG